وەزیری دەرەوەی سوێد بۆ کوردانی دیاسپۆرا: هەرکەسێک وڵاتینامەی هەبێت رادەستی هیچ شوێنێک ناکرێتەوە

09-09-2022
سۆران حوسێن
رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ هەڵبژاردنەکانی سوێد
رووماڵی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ هەڵبژاردنەکانی سوێد
A+ A-

رووداو هەولێر

وەزیری دەرەوەی سوید لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەری پارتە سیاسییە کوردییەکان، رەوەندی کوردیی و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کورد کۆبووەوە. بەشداربوویەکی کۆبوونەوەکە دەڵێت، وەزیری دەرەوەی سوێد گوتوویەتی، هەر کەسێک وڵاتینامەی سوێدی هەبێت، رادەستی هیچ وڵاتێکی ناکەنەوە.
 
کۆبوونەوەکەی ئان لیندێ، وەزیری دەرەوەی سوێد و کوردستانیانی سوێد رۆژی هەینی 9-9-2022 بەڕێوەچوو. عیسا فەیلی، بەرپرسی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سوێد و بەشدار لە کۆبوونەوەکە، میوانی بەرنامەی دیاسپۆرای تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە تایبەتکرابوو بە رووماڵی هەڵبژاردنەکانی سوێد و باسی لە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و گرنگی هەڵبژاردنەکە بۆ کورد کرد.
 
کۆبوونەوەکە لەسەر داوای وەزیری دەرەوەی سوید کراوە. عیسا فەیلی دەڵێت، وەزیری دەروەی سوید باسی کێشەکانی پەیوەست بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ و شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینای کرد.
 
پەیوەست بە کورد، عیسا فەیلی ئاماژەی بەوە کرد، وەزیری دەروەی سوێد گوتوویەتی، ئەوەی وڵاتینامەی سوێدی هەبێت، "هیچ کاتێک رادەستی کەس ناکرێتەوە و ئەوە قبوڵ ناکەین؛ هیچ ئۆپۆزیسیۆنێکی تورکیا رادەست ناکەینەوە".
 
عیسا فەیلی ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشتر گوتراوە سوێد و تورکیا رێککەوتوون بە رادەستکردنەوەی ئەو کەسانەی تورکیا داوایان دەکات لەبەرامبەر قبوڵکردنی سوێد لە ناتۆ لە لایەن تورکیاوە و ئەوەش کوردانی ئەو وڵاتەی نیگەران کردووە، بەتایبەت "کوردانی باکووری کوردستان". گوتیشی: "دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، تێڕوانینمان گۆڕا و وێنەکەمان بۆ روونبووەوە".
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی سوێد، فەیلی داوایکرد هەمووان بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و گوتی: "لای ئێمە وەکو پارتی گرنگ نییە بەربژێر سەر بە چی حیزبێک دەبێت، گرنگ ئەوەیە کورد یان دۆستی کورد بێت و دواتر یارمەتی کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات".
 
عیسا فەیلی ئاماژەی بەوەکرد، بە وەزیری دەرەوەی سویدی گوتووە بۆ تاوەکو ئێستا کۆنسوڵخانەیان لە هەولێر نییە و کۆمپانیاکانیشیان ناچنە هەرێمی کوردستان، لەبەرامبەردا وەزیر وەڵامی نەبوونی کۆنسوڵخانەی نەداوەتەوە و لەبارەی کۆمپانیا سوێدییەکانیشەوە گوتوویەتی، ئەوان ناتوانن کۆمپانیاکان ناچار بکەن بچن لە وڵاتێکدا کاربکەن و ئەوە کۆمپانیاکان خۆیان بڕیاردەدەن.
 
عیسا فەیلی کە ماوەی 42 ساڵە لە سوێد دەژی گوتیشی، ئەگەر کورد بە ژمارەیەکی زۆر بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، ئەوکاتە کورد لۆبی دەبێت و کاریگەری لەسەر دەوڵەتی سوێد لەبارەی کوردستانەوە دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی مۆزەکە لە مەزادخانەی سۆسبی بەریتانی، کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە. وێنە: AP

مۆزێک بە 6.24 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

مەزادخانەی سۆسبی بەریتانی، کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە بڵاویکردەوە، مۆزێک لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە 6.24 ملیۆن دۆلار [شەش ملیۆن و 240 هەزار دۆلار] فرۆشرا.