رووداو - واشنتن
سەباری هەبوونی ئاگربەست لەنێوان تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بە پشتیوانیی ئەمریکا و رووسیا، تورکیا لەم دواییەدا هێرشە ئاسمانییەکانی لە رۆژئاوای کوردستان بۆسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات زیادکردووە و خودی سەرکردەکانی هەسەدە کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتیوانی دەکرێن، دەکاتە ئامانج.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەم هێرشانەی تورکیا و بێدەنگیی ئەمریکا نیگەرانە و داوای لە ئەمریکا و هاوپەیمانان کردووە هەڵوێستی روونیان لەم بارەوە هەبێت. لەسەر ئەو پرسە چوومە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و لەبارەی هێرشەکانی تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان پرسیارم لە گوتەبێژی وەزارەتەکە کرد.
ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی، "هەڵوێستی ئێمە لەوبارەوە نەگۆڕاوە. بەردەوامین لە پشتیوانیکردنی هێڵەکانی ئەو ئاگربەستەی کە هەیە و سەرکۆنەی زیادبوونی هەر گرژییەکیش دەکەین، گرنگە هەموو لایەنەکان رێز لە زۆنەکانی ئاگربەستەکە بگرن و ئاگربەستەکە بپارێزن تاوەکو سەقامگیری لە سووریا بەرەوپێشەوە بچێت و بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانەکانی سووریا کاربکرێت. لە کۆتایشدا ئەمریکا لەگەڵ تورکیا و هاوبەشە لۆکاڵەکانیش [کار دەکات] تاوەکو دڵنیابێت لە سەلامەتیی هێزەکانی ئەمریکا و هێزە هاوبەشەکانمان و خەڵکی مەدەنیش.''
هەرچەندە ئەمریکا دەڵێت، نیگەرانن و داواش دەکەن ئەو گرژییانە بووەستن، بەڵام ئەمە تەنیا بەشێکی وێنەکەیە، بەشەکەی دیکە ئەو بۆچوونانەن کە لە ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە لە واشنتن گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت. بەهێزترین ئەو بۆچوونانەش ئەوەن، لەم قۆناخەدا بەهۆی شەڕی ئۆکراینا و ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ، ئەمریکا نایەوێت تورکیا نیگەران بکات، بۆیەش نە گڵۆپی سەوزی بۆ تورکیا هەڵکردووە، نە گڵۆپی سووریش، بەڵکو گڵۆپی پرتەقاڵی بۆ تورکیا هەڵکردووە، واتە دەتوانێت ئەو هێرشانە بکات، بەڵام بەشێوەیەکی سنووردار.
سۆنەر چاپلەر، لێکۆڵنڤان لە پەیمانگەی واشنتن دەڵێت، "شەڕی ئۆکراینا، گرنگیی تورکیای بۆ ئەمریکا زیاترکردووە، لەڕووی سەربازییەوە تورکیا پشتیوانیی ئۆکراینا دەکات، لە دەریای رەش بەرامبەر رووسیا وەستاوەتەوە، بۆیە پێموایە گرنگیی هەسەدە کەمبووەتەوە و هی تورکیا زیادیکردووە، ئەمە وێنە ستراتیجییەکەیە، لەڕووی تاکتیکیشەوە، تاوەکو سوێد نەبێتە ئەندامی ناتۆ، ئەمریکا نایەوێت تورکیا نیگەران بکات بە پرسی یەپەگە.''
پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و نیگەرانییەکانی تورکیا سەبارەت بە پشتیوانییەکانی ئەمریکا، یەکێکە لە پرسە پڕ لە ناکۆکییەکانی نێوان واشنتن و ئەنقەرە، ئەمریکا بەهۆی نیگەرانیی تورکیا پشتی لە کورد نەکردووە، بەڵام هەلومەجی ناوچەکە و رووداوەکانی جیهانیش هەمیشە کاریگەریی گەورەیان لەم بەریەککەوتنەی هەسەدە و تورکیا و هەڵوێستی ئەمریکا هەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ