رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ژمارەیەک سزای نوێی بەسەر پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێراندا سەپاندووە. ئەم هەنگاوە لەکاتێکدایە کە بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو ئەمریکا و ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان کۆببنەوە.
رۆژی چوارشەممە، 9ـی نیسانی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سزای بەسەر پێنج دامەزراوەی ئێراندا سەپاندووە، لەنێویاندا رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران هەیە.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت، "بەدواداچوونی بێباکانەی رژێمی ئێران بۆ چەکی ئەتۆمی هێشتا هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئەمریکا و مەترسییە بۆ سەر سەقامگیری ناوچەیی و ئاسایشی جیهانی."
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، رێگە لە هەر هەوڵێک دەگرن کە ئێران بۆ پێشخستنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەیدات.
سزا نوێکەی ئەمریکا پێنج دامەزراوەی ئێرانی و بەرپرسێکی ئەو وڵاتەی کردووەتە ئامانج. هەریەکە لە کۆمپانیای تەکنەلۆژی (ئەتبین ئیستا، کۆمپانیای ئەلەمنیۆمی بگاهـ، کۆمپانیای TPC، کۆمپانیای پارس ساختار و کۆمپانیای ئەزەرئاب) هەن.
گەنجینەی ئەمریکا هەروەها سزای بەسەر ماجد موسەڵڵات، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای AIT سەپاندووە.
وەزارەتەکە دەڵێت، موڵک و ماڵی هەموو ئەو کەس و کۆمپانیایانەی کە ئاماژەیان پێکراوە لە ئەمریکا بلۆک دەکرێت.
کۆمپانیا و هاووڵاتییانی ئەمریکی ناچار کراون کە نابێت هیچ جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ ئەو کەسانە بکەن.
گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هەر کۆمپانیایەکی بیانی مامەڵە لەگەڵ ئەم کەس و کۆمپانیا ئێرانییانە بکات، رووبەڕووی سزای ئەمریکا دەبێتەوە.
سزا نوێکانی ئەمریکا لەکاتێکدان، بڕیارە رۆژی شەممەی داهاتوو، گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەستپێبکات.
رۆژی 8ـی ئەم مانگە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران و واشنتن لە چەند هەفتەی رابردوودا ژمارەیەک پەیام و نامەیان لەگەڵ یەکدی ئاڵوگۆڕ کردووە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، گفتوگۆکانی رۆژی شەممە 'ناڕاستەوخۆن' و "ئێران ئامادەیە بە جیدی و بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن بەشداری بکات."
هاوکات بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتن گوتی، "رێگەگرتن لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی دوو بژاردەی هەیە؛ رێککەوتن یان لە رێگەی سەربازییەوە."
رۆژی دووشەممە، ترەمپ لە کۆشکی سپی لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئیدارەکەی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەستپێدەکات.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئێران بەشێوەیەکی "راستەوخۆ" دەبن.
ترەمپ گوتی، هیواخوازە لەگەڵ تاران بگەنە رێککەوتن، بەڵام هۆشداریدا لەوەی کە "مەترسییەکەی گەورە" دەکەوێتە سەر ئێران، ئەگەر گفتوگۆکان سەرکەوتوو نەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ