بەرپرسانی ئۆکراینا: لە دوو رۆژدا بەهۆی بۆردوومانی رووسیاوە 15 کەس کوژراون

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاگری دوای بۆردوومانەکە لە زاپۆریژیا دەکوژێننەوە. وێنە: AFP
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاگری دوای بۆردوومانەکە لە زاپۆریژیا دەکوژێننەوە. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە رووسیایە هێرشی کردە سەر شاری زاپۆریژیای ئۆکراینا، دوای بۆردوومانەکە، سەرۆکی ئۆکراینا داوای وەستاندنی جەنگی کرد.
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، "ئەمە دووبارە پێشانی دەدات کە رووسیا چی دەوێت. تەنیا دەیانەوێت جەنگ هەبێ و خەڵک ببنە قوربانی. نابێت هیچ رۆژێک لەدەستبدەین کە تێیدا پێویستە گوشار بخەینە سەر مۆسکۆ بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک و راگرتنی کوشتنی هاووڵاتییانی سڤیل." 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئۆکراینا، بەهۆی هێرشەکەوە 13 کەس کوژران و 30ی دیکەش بریندار بوون. لەکاتێکدا دوێنێش لە بۆردوومانێکدا بۆ سەر شارەکە دوو کەس کوژرابوون و چواری دیکەش بریندار بوون.
 
ئەو دوو هێرشە دوای هێرشێکی درۆنی ئۆکراینا هات، کە دوێنێ کردیە سەر دوو ناوەندی وزەی رووسیا لە هەرێمی ساراتۆڤ کە سووتەمەنیان بۆ سوپای وڵاتەکە دابین دەکرد. 
 
هاووڵاتییەک لە زاپۆریژیا دەڵێت، "هاتمە ئێرە، بینیم ژنێک لێرە کەوتووە و قاچی شکابوو. پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەبوو. پیاوێکی دیکەش لێرەبوو کە زیان بە دەموچاوی کەوتبوو." 
 
هێرشەکان لەکاتێکدان بەهۆی مەترسییەکانەوە، بەتایبەت رووسیا، ئەمریکا بەردەوامە لە هاندانی وڵاتانی ناتۆ، کە خەرجییە سەربازییەکانیان زیادبکەن.
 
لە دوایین هەڵوێستیدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە ئەندامانی ناتۆ 5٪ی کۆی بەرهەمی نێوخۆییان بۆ خەرجیی سەربازی تەرخان بکەن، ئەمە لەلایەن بەشێک لە سەرکردەکانی ئەڵمانیاوە رەتکرایەوە. 
 
فریدریک مێرز، سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکرات دەڵێت، "هەموو کات پێموابووە کۆی بەرهەمی نێوخۆیی پێوانەیەکی گرنگە. ئەمە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی وڵاتانی ناتۆ بزانن پێویستیان بە چییە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لە سیستمی بەرگری. پێویستە 2٪ی کۆی بەرهەمی نێوخۆیی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان بکەین، بەڵام زیاتر نا." 
 
پار وڵاتانی ناتۆ نزیکەی تریلیۆنێک و 450 ملیار دۆلار خەرجی سەربازییان هەبوو، پێشبینی دەکرێت ئەم ساڵ بگاتە دوو تریلیۆن و 400 ملیار دۆلار. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە