رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوێکی داکۆکیکار لە مافەکانی کۆچبەران ئاماژە بەوە دەکات، ساڵی رابردوو لانیکەم 6618 کۆچبەر لە رێگەی گەیشتنیان بە کەناراوەکانی ئیسپانیا، بێسەروشوێن بوون.
رۆژی سێشەممە 9ی کانوونی دووەمی 2024 هێلینا مالێنۆ، بەڕێوەبەری رێکخراوی خێرخوازیی Caminando Fronteras، کە رێکخراوێکی داکۆکیکارە لە مافی کۆچبەران، رایگەیاند، "ئەو ژمارەیەی ئەم ساڵ تۆمار کراوە، جێگەی شەرمەزارییە، ژمارەکە بەراورد بە ساڵی 2022 سێ ئەوەندە زیاترە."
بە گوتەی رێکخراوەکە، هەموو داتاکانی لە کەسوکاری ئەو کۆچبەرانە وەرگرتووە کە لە رێگەی گەیشتنیان بە ئەوروپا، بێسەروشوێن بوون.
زیادبوونی ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی کە بێسەروشوێن بوون، بەگوێرەی رێکخراوەکە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە توانای وڵاتانی ئەوروپا بۆ رزگارکردنی کۆچبەران سنووردارە.
رێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، شەش هەزار و حەوت کەس لەو کۆچبەرانەی کە بێسەروشوێن بوون، لە رێگەی نێوان ئەفریقا و دوورگەکانی کەناری لە ئیسپانیا، بێسەروشوێن بوون.
بەگوێرەی ئامارەکان، لە ساڵی 2023دا زیاتر لە 56852 کۆچبەر بە رێگەی نایاسایی گەیشتوونەتە ئیسپانیا و ژمارەکە بەراورد بە ساڵی 2022 بۆ دوو هێندە بەرز بووەتەوە.
زۆرترین ژمارەی کۆچبەر، کە تاوەکو ئێستا گەیشتبنە ئیسپانیا، لە ساڵی 2018 بوو، کە 64298 کۆچبەر لەو ساڵەدا گەیشتنە ئیسپانیا.
لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا، حکومەتی ئیسپانیا زیاتر لە 54 ملیۆن دۆلاری بۆ رزگارکردن و هاوکاریکردنی ئەو کۆچبەرانە راگەیاند کە دەگەنە دوورگەکانی وڵاتەکە. هەروەها حکومەتی ئیسپانیا لەگەڵ هەریەکە لە حکومەتەکانی سەنیگال و مۆریتانیاش هاوئاهەنگیی دەستپێکرد بۆئەوەی یارمەتیی ئیسپانیا بدەن لە کەمکردنەوەی کۆچبەران بۆ دوورگەکانی ئیسپانیا.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا، ئەو هاوئاهەنگییەی ئیسپانیا لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا بووەتە هۆی ئەوەی رێگە لە 27 هەزار کۆچبەر بگیرێت، کە ویستوویانە لە رێگەی دەریاییەوە خۆیان بگەیێننە ئیسپانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ