پێنتاگۆن بۆ رووداو: لە راوێژکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق سەبارەت بە سەلامەتیی ‌هێزەکانمان بەردەوام دەبین

10-01-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە راوێژکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق سەبارەت بە سەلامەتیی ‌هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەردەوام دەبێت و ئاماژەی بەوەش کرد، سەرنجیان لەسەر ئەرکی شکستپێهێنانی رێکخراوی داعشە.
 
رۆژی سێشەممە 9ی کانوونی دووەمی 2024 پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا – پێنتاگۆن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن، گوتی، "ئێمە لەسەر داواکاریی حکومەتی عێراق لەو وڵاتەین، وەکو تۆ تیشکت خستە سەر، ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی سەرنجمان لەسەر ئەرکی شکستپێهێنانی داعش بێت. کاتێک کە دێتە سەر ئامادەیی ‌هێزەکانی ئەمریکا، بەتایبەت ئاسایش و سەلامەتییان، لە نزیکەوە لە راوێژکردنمان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام دەبین."
 
گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتیشی، "سەرقاڵی پرۆسەیەکی هاوئاهەنگیین لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆئەوەی گفتوگۆ لەسەر پێشهاتەکانی ئەو پرۆسەیە [شکستپێهێنانی داعش] بکەین، بە شێوەیەک کە ئەو دەستکەوتانەی دژی داعش بەدەستهاتوون، بپارێزێت و دڵنیایی بدات کە ئەوان [داعش] هەرگیز ناگەڕێنەوە."
 
داوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەنێو گرووپە چەکدارییەکان لە عێراق رووی لە زیادبوونە، بەتایبەتی دوای ئەوەی رۆژی پێنجشەممە 04-01-2024 دوو فەرماندەی باڵای بزووتنەوەی نوجەبای حەشدی شەعبی بەناوەکانی تاڵیب ئەلسێعدی، بەرپرسی سەربازیی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی لە پشتێنەی بەغدا و عەلی نایفی یاریدەدەری کوژران.
 
دوای کەمتر لە 48 کاژێر لەو رووداوە، ئەمریکا هێرشەکەی لەئەستۆ گرت.
 
نوجەبا پێکهێنەرێکی گرووپە چەکدارەکانی شیعەیە و خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەناسێنن، لەدوای 17ی ئۆکتۆبەری 2023وە، بە پاساوی بەرگریکردن لە دانیشتووانی غەززە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، سووریا، هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان.
 
رۆژی هەینی 05-01-2024 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە گوتارێکدا لە رێوڕەسمی یادی چوار ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، گوتی: "سەرقاڵی دیاریکردنی وادەی دەستپێکردنی گفتوگۆکانین بۆ دەرچوونی هێزە بیانییەکان لە عێراق."
 
لە 17ی تشرینی یەکەمەوە، بە گوێرەی پێنتاگۆن، زیاتر لە 100 هێرش کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا. 
 
ئەمریکا 2500 سەربازی لە عێراق و 900 سەربازی لە سووریا هەن، ئەو هێزانە لە 17ی ئۆکتۆبەرەوە لەدوای گەرمبوونی شەڕی ئیسرائیل و حەماس زیاتر لە 120 جار بە مووشەک و هاوەن و فرۆکەی بێ فرۆکەوان لەلایەن مقاوەمەی ئیسلامی - شیعە هێرشیانکراوەتە سەر.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا:
 
رووداو: زۆر سوپاس ژەنەراڵ، دوێنێ باست لە بارەی ئامادەیی هێزەکانتان لە عێراق کرد، پرسیارەکەم ئەوەیە، ئێوە هیچ کاتێکی دیاریکراوتان بۆ کشانەوە لە عێراق هەیە، ئەگەر نیتانە، تاوەکو کەی دەمێننەوە تاوەکو هەڕەشەکانی داعش کۆتاییان دێت یان ئەمە بەتەواوەتی پەیوەندی بە حکومەتی عێراقەوە هەیە، ئەگەر بیانەوێت بمێننەوە یان وڵاتەکە بەجێبهێڵن؟
 
گوتەبێژی پێنتاگۆن: بەڵێ، وەک دەزانن، ئێمە لە عێراقین لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق، وەکو تۆ تیشکت خستە سەر، ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی سەرنجمان لەسەر لەسەر ئەرکی شکستپێهێنانی داعش بێت. کاتێک کە دێتە سەر ئامادەیی ‌هێزەکانی ئەمریکا، بەتایبەت ئاسایش و سەلامەتییان، ئێمە لە نزیکەوە لە راوێژکردنمان لەگەڵ حکومەتی عێراق بەردەوام دەبین. هەروەها ئیمە سەرقاڵی پرۆسەیەکی هاوئاهەنگین لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر پێشهاتەکانی ئەو پڕۆسەیە بکەین، بەشێوەیەک کە ئەو دەستکەوتانەی دژی داعش بەدەستهاتوون بپارێزێت و دڵنیایی بدات کە ئەوان [داعش] هەرگیز ناگەڕێتەوە، هەروەها من پێشبینی ئەوە ناکەم و ناچنە نێو گفتوگۆکانی ناوخۆی حکومەتی عێراق، بەڵام بە دڵنییایەوە ئێمە لەنزیکەوە لە راوێژکردن لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکانمان بەردەوام دەبین.
 
رووداو: هیچ وادەیەک هەیە بۆ کشانەوەتان لە عێراق؟
 
گوتەبێژی پێنتاگۆن: دووبارە، ئێمە لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق لەوێین.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا. وێنە: ئەرشیڤ/ AFP

پووتین سوپاسی کیم جۆنگ ئوون دەکات لە یارمەتیدانی رووسیا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی کورسک

سەرۆکی رووسیا سوپاسی سەرۆکی کۆریای باکوور دەکات لە بەرامبەر ئەوەی کە بە یارمەتیی سەربازانی وڵاتەکەی، هەرێمی کورسکی رووسی لە دەستی هێزەکانی ئۆکراینا دەرهێندراوە