جیهان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەکاتی جێهێشتنی دادگە لە واشنتن دی سی. وێنە: Kent Nishimura / AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیێنێت، ئەگەر بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێتەوە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەداتە دادگە.
رۆژی سێشمەممە 9ی کانوونی دووەمی 2024 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "TRUTH" بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، "ئەگەر پارێزبەندیم نەبێت، ئەوا جۆ بایدنی فێڵبازیش پارێزبەندیی نابێت. جۆ ئامادەی تۆمەتبارکردن دەبێت."
ئەوەش لە کاتێکدایە، ترەمپی تەمەن 77 ساڵ ئەمڕۆ سێشەممە لەبەردەم دادگەی واشنتن دی سی ئامادە بوو، تیمی پارێزەرانی ترەمپ رایانگەیاند، لە دادگە داوای پارێزبەندییان بۆ دۆناڵد ترەمپ کردووە لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەی بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دراونەتە پاڵی.
بەگوێرەی دەستووری ئەمریکا، سەرۆکی هەڵبژێردراوی وڵات لە بەرامبەر ئەو کارانەی لەکاتی سەرۆکایەتی ئەنجامی دەدات، لێپێچینەوەی لەگەڵدا ناکرێت. دۆناڵد ترەمپ داوا دەکات ئەو بڕگەیەی دەستووری ئەمریکا سەرۆکەکانی پێشوویش بگرێتەوە.
ترەمپ دەشڵێت، رێگە لە جێبەجێکردنی داواکەی بگیرێت، ئەوا ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا براوە بێت و ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن دادگایی دەکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە، هەردوو ویلایەتی مەین و ویلایەتی کۆلۆرادۆ ترەمپ بەوە تۆمەتبار دەکەن کە مادەی 14ی دەستووری ئەو وڵاتەی پێشێل کردووە و رێگەی پێنادەن بەشداریی هەڵبژاردنەکانی پارتەکەی لەو دوو ویلایەتە بکات.
لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020دا دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن دوو بەربژێری سەرەکی بوون بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا. ترەمپ هەڵبژاردنەکەی دۆڕاند و دوای ئەوەش داوای لە لایەنگرانی کرد بچنە سەر شەقام و ئەنجامی هەڵبژاردنەکە قبووڵ نەکەن، لە 06-01-2021 بەشێک لە لایەنگرانی ترەمپ هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس.
ترەمپ چەند تۆمەتێکی دیکەی دراوەتەپاڵ، کە بریتین لە بەلاڕێدابردن، دەستوەردان و رێگریکردن لەبەردەم هەڵبژاردن و بەشێکی ئەوانەیش پەیوەندییان بە هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس لە 6ی کانوونی دووەمی 2021 هەیە.
دۆناڵد ترەمپ، کە بەربژێری سەرەکیی کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2024ی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی کراون، بە "بێ بنەما" و "دەستوەردانی سیاسیی هەڵبژاردن" ناویان دەبات. بەگوێرەی نوێترین راپرسی، ترەمپ بەربژێری دڵخوازی لایەنگرانی پارتی کۆمارییە لە ئەمریکا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ