جیهان

تەقینەوەی مووشەکێک لە ئاسمانی کیێڤی پایتەختی رووسیا دەبینرێت لە مانگی ئایاری 2023. وێنە: Reuters
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئۆکراینا رایدەگەیێنن، شەوی رابردوو، رووسیا 19 مووشەکی کروزی ئاراستەی کیێڤی پایتەختی وڵاتەکەیان کردووە و توانیویانە 14 لەو مووشەکانە تێکبشکێنن.
رۆژی هەینی، 8ـی کانوونی یەکەمی 2023، یوری ئینات، گوتەبێژی هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، "شەوی رابردوو 19 مووشەکی کروز ئاراستەی کیێڤ کران و بەرگری ئاسمانیشمان ئەنجامێکی باشیان نیشاندا؛ 14 لە مووشەکە کروزەکان خرانە خوارەوە".
دێنیس شمیهال، سەرۆکوەزیرانی ئۆکراینا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بە زیانەکانی هێرشەکە کرد و گوتی، "هێرشەکە بووە هۆی ئەوەی دوو کەس گیان لەدەست بدەن و حەوت کەسی دیکەش بریندار ببن".
بەرپرسانی کیێڤ رایدەگەیێنن، ئەوە یەکەمجارە دوای نزیکەی 80 رۆژ، رووسیا بە مووشەکی کروز ئۆکراینا دەکاتە ئامانج.
رۆژی 25-11-2023 هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا رایگەیاند، 71 درۆنی جۆری شاهیدی ئێرانییان لەسەر ئاسمانی کیێڤ خستووەتە خوارەوە.
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە دوو ساڵ نزیک دەبێتەوە، بەڵام تائێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ وەستانی نییە.
رۆژی 22-11-2023، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی وڵاتەکەی رایگەیاند، "ئۆپەراسیۆنی سەربازی بەردەوام تراژیدیایە؛ بەدڵنیاییەوە دەبێت بیر لەوە بکەینەوە کە چۆن ئەو تراژیدیایە بووەستێندرێت".
سەرۆکی رووسیا رەخنەی لە بەرپرسانی ئۆکراینا گرت بەوەی گفتوگۆ بۆ وەستاندنی شەڕ رەتدەکەنەوە و گوتی: "رووسیا هەرگیز گفتوگۆی ئاشتی لەگەڵ ئۆکراینا رەتنەکردووەتەوە".
لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا ڤۆڵۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا یاسایەکی واژۆ کرد و بەگوێرەی یاساکە، هەموو گفتوگۆیەکی لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین قەدەخە کرد.
رووسیا بەشێکی هەرێمەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک، میکۆلیاڤ و زاپۆریژیای لەنێو ئۆکراینا کۆنترۆڵکردووە؛ لە ساڵی 2014شەوە نیمچەدوورگەی کریمیای لە ئۆکراینا لکاندووە بە خۆیەوە و بە بەشێک لە خاکی وڵاتەکەی ناساندوویەتی.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 10 هەزار کەسی سڤیل لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کوژراون.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەش کە لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکراونەتەوە، لە سەرەتای جەنگەکەوە 70 هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و 130 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون، هەروەها لە سوپای رووسیاش، 120 هەزار سەرباز کوژراون و 280 هەزار سەربازی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ