لە ئەمریکا کۆنفڕانسێک لە یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا بەبێ بەشداریی کورد بەڕێوەچوو

08-12-2023
دیار کوردە @diyarkurda
لە ئەمریکا کۆنفڕانسێک لە یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا بەبێ بەشداریی کورد بەڕێوەچوو
لە ئەمریکا کۆنفڕانسێک لە یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا بەبێ بەشداریی کورد بەڕێوەچوو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە ئەمریکا کۆنفڕانسێک لە یادی 100 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا بەڕێوەچوو. لە کۆنفرانسەکەدا بە دەیان لێکۆڵینڤان و بەرپرسانی پێشوو و شارەزایانی پرسی تورکیا بەشداربوون، تاوتوێی گۆڕانکارییەکانی 100 ساڵی دەوڵەتی تورکیایان کرد، هەر لە لە ئایدۆلۆجیا و ناسنامەی نیشتمانی کۆماری تورکیا و تاوەکو دەگاتە پرسی دیموکراسی و سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە.
 
پرسی کوردیش بەشێک بوو لە گفتوگۆکان، بەڵام هیچ کوردێک لە نێو پانێڵستەکاندا نەبوون گوزارشت لە پرسی گەلەکەیەیان لە تورکیا بکەن. رێکخەری پانێڵەکە هۆکاری بەشدارنەبوونی کورد روون دەکاتەوە. 
 
گونول تۆڵ، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی تورکیا لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، "ئەمە دوازدەیەمین کۆنفرانسی ساڵانەیە، ئێمە ساڵانە لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پرۆگرامی تورکیا هەمیشە قسەکەری کوردیشمان هەیە، بەڵام ئەم ساڵ قورس بوو، پەیوەندیمان بە پارتە سیاسییە کوردییەکان کرد، بەشێک لەوان کێشەی ڤیزەیان هەبوو، هەندێکیان نەیاندەتوانی وڵاتەکە بەجێبهێڵن و بەشێکی دیکەشیان کێشەیان هەبوو لە شوێنی گشتی و بە ئینگلیزی قسەبکەن بۆیەش لە رووی لۆجستییەوە زۆر جیاوازبوو، بۆیەش وامانکرد کە هەرپانێڵێک و بەڕێوەبەری پانێڵکە باس لە پرسی کورد بکەن.''   
 
هەرچەندە پانێڵیستی کورد ئامادەنین، بەڵام هیچ کۆنفرانسێک لەسەر رابردوو و داهاتووی کۆماری تورکیا بەبێی باسکردن و تاوتوێکردنی پرسی کورد لە تورکیا تێناپەڕێت. کۆنفرانسێکیش کە باس لە 100 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری تورکیا دەکات، پرسیارەکە بۆ کورد ئەوەیە لەم 100 ساڵەدا چی بۆ کورد لە تورکیا گۆڕاوە.
 
مێگن بۆدێت، کە خۆی ئەمریکییە و بە کوردییەکی رەوان قسە دەکات، وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە. مێگن بەڕێوەبەری توێژینەوەیە لەپەیمانگەی ئاشتیی کوردی و دەڵێت، ''ئێستا دۆخەکە کەمێک گۆڕاوە، ئەمەش لەبەر ئەوەی خەباتی کورد هەبووە، کورد بۆ مافەکانیان خەبات دەکەن، بۆیەش ئێستا پارتی سیاسی کورد لەوێ هەن، رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی کوردی لە تورکیا هەن، بەڵام تاوەکو ئێستا دیکتاتۆرییەت و نەژادپەرستیش لە تورکیا ماون، زوڵم و زۆرداری بەرامبەر بە کورد هەیە، چونکە تاوەکو ئێستا نییەت و بیرکردنەوەی دەوڵەتی تورکیا نەگۆڕاوە.''
 
موستەفا ئاکیول، لێکۆڵینڤان لە پەیمانگەی کاتۆ باس لەوە دەکات، ''لەسەرەتای دروستکردنی کۆماری تورکیا دەکرا پرسی کورد چارەسەر بکرێت، بەڵام هەرزوو هەڵەیەکی گەورە کرا، لە سەرەتای کۆمار بەسەرۆکایەتی موستەفا ئەتاتورک، بڕیاریاندا کورد تورکن و تەواو وەکو تورک دەیانبینن، دان بە زمانیان نانێین و شووناسیان پەسند ناکەین، پێیانوابوو دەیانتاوێننەوە، ئەمە لەگەڵ هەندێک لایەنی دیکە روویدا وەک بازنیان و ئەرمەنییەکان، بەڵام ئەوان لە بەڵکانەوە وەک کۆچبەر هاتبوونە تورکیا و تێکەڵ بە کۆمەڵگەی تورکی ببوون، بەڵام کورد شوێنێکی مێژوویان هەبوو و کەمینەیەکی گەورەش بوون، بۆیەش قبووڵیان نەکرد بتاوێنەوە.''
 
زۆربەی بۆچوونەکانی نێو ئەو کۆنفرانسە ئەوەبوون، کێشەی کورد لەسەرەتای دروستبوونی کۆماری تورکیا دەکرا چارەسەربکرێت، بەڵام رێگەی هەڵە گیرایەبەر بۆچارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بۆیەش تاوەکو ئێستا کێشەی کورد چارەسەرنەکراوە و تاکە چارەسەریش ئاشتییە نەک شەڕ و تووندوتیژی.
 

 

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە