پەرلەمانی هۆڵەندا پێشنازێکی بۆ هاریکاریکردنی کوردانی ئێزدی پەسندکرد

07-07-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
پەرلەمانی هۆڵەندا. وێنە: Reuters
پەرلەمانی هۆڵەندا. وێنە: Reuters
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانی هۆڵەندا پێشنیازێکی پەسند کرد کە داوا لە حکومەتی ئەو وڵاتە دەکات پلانێکی بۆ هاریکاریکردنی کوردانی ئێزدی لە هەرێمی کوردستان هەبێت. لە پێشنیازەکەدا هاتووە، کوردانی ئێزدی تاوەکو ئێستا بەدەست کاریگەرییەکانی جینۆسایدی داعشەوە دەناڵێنن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 6-7-2023، کاتی پیری، پەرلەمانتاری هۆڵەندا سەر بە پارتی کار، پێشنیازێکی پێشکێشی پەرلەمانی هۆڵەندا کرد کە تێیدا هاتووە، هێرشی ساڵی 2014ی داعش هێشتا کاریگەری لەسەر ژیانی کوردانی ئێزدی هەیە و ناچاری کردوون لە کامپەکانی هەرێمی کوردستاندا بمێننەوە، چونکە بەهۆی مەترسی ئاسایش و وێرانبوونی قەزاکەوە ناتوانن بگەڕێنەوە شنگال.
 
لە پێشنیازەکەدا داوا لە حکومەت کراوە، "پلانێکی کردەیی بۆ هاریکاریکردنی کۆمەڵگەی ئێزدییەکان" لە هەرێمی کوردستان هەبێت.
بەکر لەشکری، سەرۆکی پلاتفۆرمی پارتی لیبراڵی هۆڵەندا ئەمڕۆ هەینی بە رووداوی گوت، گرنگترین بابەت لە پێشنیازەکەدا بریتییە لە سەقامگیرکردنی ئاسایشی شنگال و رێگەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی هاونیشتمانییان بۆ زێدی خۆیان.
 
بەکر لەشکری ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەوەی حکومەتی هۆڵەندا پلانەکە دادەڕێژێت، "هانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال ."
 
ئەو شێوازە هاریکارییەی لە پێشنیازەکەدا داواکراوە پێکهاتووە لە باشتکردنی ژیانی هاونیشتمانییانی ئێزدی، دابینکردنی شوێنی مانەوەی باشتر لە کامپەکاندا، چارەسەری دەروونی بۆ ئەوانەی هێرشەکەی داعش و رفاندنیان کاریگەری گەورەی لەسەریان هەبووە.
 
ئەو پێشنیازە دوای دوو ساڵ دێت لەوەی پەرلەمانی هۆڵەندا تاوانەکانی داعشی دژی کوردانی ئێزدی بە جینۆساید ناساند.
 
بەکر لەشکری گوتیشی، ئەمساڵ وەزیری دادی هۆڵەندا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ راپەڕاندنی پلانەکەی هۆڵەندا پەیوەست بە بابەتی کوردانی ئێزدییەوە؛ گوتیشی، پێش ئەوەی پێشنیازەکە پێشکێشی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بکرێت، لەگەڵ بەرپرسانی کاروباری پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، کۆنسوڵی هۆڵەندا لە هەولێر و باڵیۆزی هۆڵەندا لە بەغدا کۆبوونەوە کراوە و باس لە پێویستی کوردانی ئێزدی کراوە.
 
بەکر لەشکری دەڵێت، ئامانجی حکومەتی هۆڵەندا ئەوەیە لەمەودوا بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هاریکاریی راستەوخۆ بگەیێنێتە دەست کوردانی ئێزدی.
 
لە ئابی 2014 داعش هێرشیکردە سەر شنگال و هەزاران کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کرد. هێرشەکە بووە هۆی ئاوارە و کۆچبەربوونی سەدان هەزار کوردی ئێزدی دیکە کە تاوەکو ئێستاش زۆربەیان لە کامپەکانی هەرێمی کوردستان دەمێننەوە. 
 
هەولێر و بەغدا لە ساڵی 2020دا رێکەوتنێکیان واژۆکرد بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێنەکراوە.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە