رووداو دیجیتاڵ
بۆ دووەم ساڵ، لە واشنتن دی سی پایتەختی ئەمریکا، ئێوارە خوانێکی تایبەت بە مانگی پیرۆزی رەمەزان رێکخرا. ژمارەیەک کەسایەتی ئایینیی جیاواز، میوانی موسڵمانانن و بەیەکەوە بەربانگی ئەو رۆژە دەکەنەوە.
ئیبراهیم ئەنیل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆڕبەندی روومی لەبارەی ئێوارەخوانەکە دەڵێت، "ئەمە دووەمین بەربانگی ئازادی ئایینەکانە، یەکەمین بەربانگ کردنەوەمان لە ساڵی رابردوو بوو، ئەمشەو خەڵکی چەندین ئایین جیاواز هاتوون لەگەڵمان بەشدارن، هەموویان لە بواری پارێزگاریکردن لە ئازادی ئایینی بۆ هەموو خەڵکی جیهان کاردەکەن.''
لەدوای بانگی ئێوارە و شکاندنی رۆژووەکانیان و نانی ئێوارە، ژمارەیەک گوتار لەلایەن ژمارەیەک بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئەمریکا لە نێویاندا کۆمیسیاری ئازادی ئایینیی سەر بە وەزارەتی دەرەوە پێشکێشکران و باس لە بەهێزکردنی یەکترقبوڵکردنی ئایینی لە ئەمریکا و جیهان کرا.
باڵیۆز براونباک، سەرۆکی لووتکەی ئازادی ئایینییە، پێشتر سیناتۆری ئەمریکا بووە و شەش ساڵیش حاکمی ویلایەتی کەنساس بووە، بۆچوونی وایە ئاشتی لە هیچ شوێنێک بەدیهناهێندرێت بەبێ هەبوونی یەکترقبووڵکردنی ئایینی.
باڵیۆز سام براونباک لەبارەی یەکتر قبووڵکردنی ئایینیی باس لەوە دەکات، "ناتوانی ئاشتی لە نێو خەڵکدا بەرقەرار بکەی، تاوەکو ئازادی ئایینیت نەبێت، ئەوە روونادات تاوەکو تێگەیشتن و رێز لە نێوان ئایینە جیاوازەکان نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا، دەتوانیت لەگەڵ کەسانی ئایینیی کار لەسەر بونیاتنانی ئاشتی بکەیت، کۆمەڵگەیەک دروستبکەیت کە پەیوەستبن بەیەکەوە، ئێستا جیهان دەچێتە پێشەوە، بۆیە دەبینیت ئایینیی ئەی لێرەیە، ئایینیی بی لەولایە و ئایینیی سیش لێرەیە، بۆیەش تاوەکو لێکتێگەیشتن لە نێوان کەسانی ئایینی نەبێت، کوشتاری زۆر دەبێت و شەڕ زۆر دەبن، کۆمەڵگەیەکت دەبێت کە کارناکات، گرووپێکت هەیە، ئەوەی دیکە سەرکوت دەکات، بۆیە ئەمە بۆ کۆمەڵگە کارناکات و بۆیەش پێویستە ئەو ئازادییە ئایینییە هەبێت.''
موسڵمانانی ئەمریکا کە ژمارەیان زیاتر لە چوار ملیۆن کەس دەبێت، خاوەنی چەندین مزگەوت و سەنتەری ئایینیین و ساڵانەش لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا گرنگی زیاتر بە نزا و رێورەسمە ئایینییەکان دەدەن، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا گرنگی بە لێبوردەیی و یەکترقبووڵکردنی و پێکەوەژیانی ئایینەکان لە ئەمریکا دەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ