رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەمریکا رایدەگەیێنن، پاشماوەی فڕۆکە ونبووەکەی ئەلاسکایان دۆزیوەتەوە، بەڵام هەموو سەرنشینەکانی فڕۆکەکە کە ژمارەیەک 10 کەس بووە گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی هەینی، 7ـی شوباتی 2025، مایک سالێرنۆ، گوتەبێژی پۆلیسی کەناراوەکانی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، پاشماوەی فڕۆکەکە بە دووری 55 کیلۆمەتر لە شاری نۆم لە ویلایەتی ئەلاسکا دۆزراوەتەوە.
گوتەبێژی پۆلیسی کەناراوەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش دا، تاوەکو ئێستا تەرمی سێ کەسییان دۆزیوەتەوە و "پێشبینی دەکرێت تەرمی حەوت سەرنشینەکەی دیکەش لەنێوان فڕۆکەکەدا بن، بەڵام بەهۆی فڕۆکەکەوە نەتواندراوە کە نێوی بپشکندرێت."
فڕۆکەکە رۆژی پێنجشەممە، کاژێر 4:00ـی ئێوارە [کاژێر 4:00ـی بەیانی بەکاتی هەولێر] لە فڕۆکەخانەی ئەنەلەکلیت گەشتەکەی دەستپێکردبوو و بەرەو شاری نۆم لە هەمان ویلایەت فڕیبوو.
هەردوو شارەکە 235 کیلۆمەتر لەیەکدی دوورن و دەبووایە فڕۆکەکە لە ماوەی 45 خولەک تاوەکو کاژێرێک بگەیشتبایە شوێنی مەبەست.
پۆلیسی ویلایەتەکە ئاماژەی، فڕۆکەکە دوای 38 خولەکیش لە فڕینی پەیوەندی لەگەڵ سیستەمی چاودێری فڕۆکەخانەکە هەبووە، بەڵام دواتر پەیوەندییەکەی پچڕاوە.
ونبوونی فڕۆکەکە دوایین کارەساتی فڕۆکەوانییە کە لەم دواییانە لە ئەمریکا روویاندابێت.
رۆژی 30-1-2025، هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی خۆی بە فرۆکەیەکی مەدەنیدا کێشا و هەردووکیان کەوتوونەتە نێو رووباری پەتۆمەک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێوخۆیی رۆناڵد رەیگن کە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە واشنتنی پایتەختەوە دوورە. بەهۆیەوە 67 کەس گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ