رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەبارەی ئەگەری کشانەوەی هێزەکانیان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ئەوان لە پێنتاگۆن تەنیا پلان بۆ شتەکان دادەنێن و ترەمپ بە لەبەرچاوگرتنی 'بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان'یان ئەو جۆرە بڕیارانە دەدات.
رۆژی هەینی 8ی شوباتی 2025، پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەکاتی پێشوازیکردن لە ریچارد مارلز، وەزیری بەرگریی ئوسترالیا لە بارەگای سەرەکیی پێنتاگۆن پرسیاری لەبارەی ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا لێکرا.
هێگسەس لەوبارەیەوە گوتی، "سەبارەت بەو بڕیارانەی کە تایبەتن بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوانە ئەو بڕیارانەن کە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە دەدرێن بە لەبەرچاوگرتنی هەموو بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانمان."
هەروەها وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتیشی، "ئەوەی ئێمە لە پێنتاگۆن دەیکەین ئەوەیە، پلان بۆ شتەکان دادەنێین. ئێمە پلان بۆ هەموو ئەگەرەکان دادەنێین، ئینجا بە هەر شێوەیەک بێت؛ بەڵام لە کۆتاییدا، ئێمە پێش خۆمان دەکەوین ئەگەر بڕیار بدەین یان رایبگەیێنین کە نیازەکانمان لە ماوەی کورت، مامناوەند و درێژ مەودا چی دەبن."
هەفتەی رابردوو، دوو بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و چەند بەرپرسێکی نزیکی خواستی خۆیان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەربڕیوە.
ئەوەش دوای ئەو هەواڵانە هات کە میدیای ئیسرائیل و تورکیا بڵاویانکردەوە، ئەمریکا بەنیازە هێزەکانی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە.
رۆژی 30-01-2025 ترەمپ لە کۆشکی سپی لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانیان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، "نازانم سەرچاوەی ئەم هەواڵە کێیە." هەروەها گوتی، بڕیارێک لەبارەی چارەنووسی هێزەکانیان لە سووریا دەدەن، کە بمێننەوە یان نا.
لە سەرەتای ساڵی 2019، ئیدارەی ئەوکاتەی ئەمریکا شکستی داعشی راگەیاند و ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکای لە دوو هەزار سەربازەوە بۆ 900 کەمکردەوە.
لە کانوونی یەکەمی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، وەکو بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش، ژمارەی سەربازەکانیان لە سووریا بۆ دوو هەزار سەرباز زیاد کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ