سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا دەستی لەکارکێشایەوە

08-01-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە دەستی لەکارکێشاوەتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر وەزیری تەندروستی ئەو وڵاتەش دەستی لەکارکێشابووەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 8ـی کانوونی دووەمی 2024، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئیلیزابێت بۆرن، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەش بە سەرۆک کرد و لەلایەن سەرۆکەوە، دەستلەکارکێشانەوەی پەسندکرا".
 
کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئێستا ماکرۆن جێگرەوەی سەرۆکوەزیرانی دیاری نەکردووە.
 
دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا دوای ئەوە هات، ماوەی ساڵێکە حکومەتی فەرەنسا رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە، بەهۆی ئەوەی گۆڕانکاری لە سیستەمی خانەنشینی و سیستەمی کۆچبەری ئەو وڵاتە کرد.
 
ماکرۆن لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (توویتەری پێشوو)، سوپاسی ئیلیزابێتی کرد "لە بەرامبەر ئەو خزمەتەی هەموو رۆژێک پێشکێش بە گەلی فەرەنسای کردووە".
 
لە پێنج مانگی داهاتوودا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوەدەچێت. بەگوێرەی راپرسییەکان، پارتەکەی ماکرۆن دەنگی زیاتر لە پارتەکەی مارین لۆپێن، سیاسەتڤانی راستڕۆ، بەدەست دەهێنێت. 
 
سەبارەت بە دیاریکردنی جێگرەوەی سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا، میدیای فەرەنسا ئاماژە بەوە دەکات، گابریێل ئادەل، وەزیری پەرەوەردەی فەرەنسا، بە نزیکترین کەس بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا دادەندرێت. 
 
ئەگەر ئادەل بە سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا هەڵبژێردرێت، ئەوا دەبێتە یەکەمین سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کە هاوڕەگەزخواز بێت. 
 
بەگوێرەی یاسای فەرەنسا، سەرۆکی وڵات بەرپرسە لە دیاریکردنی سیاسەتی گشتیی وڵات و سەرۆکوەزیرانیش بەرپرسیارییێتی بەڕێوەبردنی کاروباری حکومەتی لەئەستۆ دەبێت. 
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی 20-12-2023، حیزبەکانی فەرەنسا لە پەرلەمانی وڵاتەکە یاسای نوێی کۆچبەرییان پەسندکرد و لەبەر تووندیی یاساکە وەزیری تەندروستیی وڵاتەکە وەک بەرگریی لە کۆچبەران دەستی لەکار کێشایەوە.
 
ساڵێک و شەش مانگ بوو گفتوگۆ و مشتومڕێکی زۆر لەسەر یاسای کۆچبەری هەبوو، چەند جارێک یاساکە لەلایەن حیزبەکەی ماری لوپێن، سیاسەتڤانی راستڕۆ و سەرکردەی پارتی بەرەی نیشتمانیی فەرەنساوە رەتدەکرایەوە بە بیانووی ئەوەی لە یاساکە نەرمییەکی زۆر بەرامبەر کۆچبەران هەیە، بۆیە ئیمانوێل ماکرۆن ناچاربوو پڕۆژەیاسایەکی تووندتر کە بتوانێت حیزبەکانی دیکە رازیبکات ناردە پەرلەمان و بڕیاری لەسەردرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە