رووداو دیجیتاڵ
کاتێدرالی نۆتردام ناوەندێکی گەورە و کاریگەری مێژووییە کە کەسانێکی وەک ناپلیۆن بۆناپارت تێیدا تاجی لەسەر نراوە و تەرمی ژەنەراڵ دۆگۆل تێیدا شوراوە و ئێستاش بڕیارە بە کردنەوەی دەرگاکانی، دووبارە مێژووی تێدا تۆمار بکرێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرۆکی فەرەنسا بە بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی 50 وڵات و نزیکەی دوو هەزار میوانی تایبەت، کردنەوەی کاتێدرالی نۆتردام، بووکی رازاوەی پاریس و کۆڵەکەی سەرەکیی گەشتیاری فەرەنسا رادەگەیێنێت.
دوای پێنج ساڵ کاری بەردەوامی دەیان کۆمپانیا و سەتان شارەزا و کرێکار، نۆتردام رازاوە و بریسکەدارتر لە جاران دەردەکەوێت.
گینا کاربوت بەڕێوبەری کۆمپانیایەکی بەلجیکیە، 50 کرێکاری لە بەلجیکاوە هێناوە. بەشداربوون لە نۆژەنکردنەوەی دیوارەکان و سەقفی نۆتردام. گینا دەڵێ شانازی دەکەم بەشداربووم لە نۆژەنکردنەوەی نۆتردام.
گینا کاربوت، بەردسازە و دەڵێت: "وەکو بەشێک لە کارەکانمان، ئەم دوو خاڵەی پەرژینەکەی پشتمانمان چاک کردووەتەوە. لەوێشەوە لە بەشی سەرەوە، هەموو بەشی سەرەوەم چاککردووەتەوە. ئەوەی ئێمە دەیکەین چاککردنەوەی بەردەکانە. ناچار بووین کە گۆڕانکاری لە 220 مەتر سێجا بکەین و زۆر بە وردی کاری لەسەر بکەین. ئەم بەردانە پارچەیەکی زۆر جوانی تەلارسازین. ئەوەی لە کارەکە زۆر سەخت بوو، ئەوە بوو کاتێکی زۆر کەممان لەبەردەست بوو، لە ماوەی 18 مانگدا کارەکەمان تەواو کرد، دەبووایە بەشێکی زۆری ستافەکەمان بهێنینە سەر ئەم پڕۆژەیە. هەروەها پێویستیمان بە ستافێکی زۆر لێهاتوو بوو بۆ ئەوەی کارەکە زۆر بە لێهاتوویی بکەین."
ساڵی 1163 و لەسەر شێوەی تەلارسازیی گۆتیکی دەست بە دروستکردنی کاتێدرالی نۆتردام کرا و تەواوبوونی 182 ساڵی خایاند.
کاتێک 15.04.2019 نۆتردام سووتا، جیهان تووشی شۆک بوو؛ بێنژەما تیشۆ، ئەندازیاری سەلامەتی ئاگرە لە پەیمانگەی ئێنێریسی فەرەنسی و باسی ئەو سیستمەمان بۆ دەکات کە خۆی لە نۆتردام دیزاینی کردووە.
بێنژەما تیشۆ دەڵێت: "ئێستا نۆتردام شوێنێكی زۆر ئارامە. ئێمە کارامەترین سیستمی سەلامەتیمان هێناوە و سیستمی ئاگرکوژێنەوەی ئۆتۆماتیکیمان داناوە کە بە ئاو کاردەکات. هەربۆیە دەتوانم بڵێم هەموو ئاگرێک کە بکەوێتەوە، دەستبەجێ کۆنترۆڵ دەکرێت و هەرگیز ئەو ئاگرەی 2019ـەش نابینینەوە. ئاڵنگاریی زۆرمان بۆ دروست بوو، لەبەر ئەوەی بۆ ئەم جۆرە باڵەخانانە دەبێت سیستمێکی ئاگرکوژێنەوەت هەبێت کە نابێت بەدەرەوە بێت، ئەگەر بچیتە نێو کەنیسەکە هیچ شتێک نابینیت بەدەرەوە بێت. هەموو شتەکان کەم تا زۆر نادیارن، بەڵام زۆر بە جوانی دروستکراون، دەتوانم بڵێم کە ئەوە یەکێک بوو لە ئاڵنگارییە هەرە گەورەکان."
جگە لە پێگە ئایینییەکەی و ئەو رووداوە مێژووییانەی تێیدا روویانداوە، زیاتر لە 850 ساڵە زەنگەکانی خەڵکی پاریس و فەرەنسایان لە هەزاران رووداوی خۆش و تاڵ ئاگادارکردووەتەوە.
سیران مۆریس، دانیشتوویەکی پاریسە و دەڵێت: "زۆر دڵخۆشم کە ناوەوەی باڵەخانەکە و نۆژەنکردنەوەکانی دەبینم. حەز دەکەم دووبارە بچمە سەر باڵەخانەکە و سەیری پاریسی خۆشەویستمان بکەم، بەتایبەت ئەمڕۆ لەبەر ئەوەی کە زۆر درەوشاوە و جوانە. زۆر تایبەتە بچیت لە سەرەوە سەیری ئەو هەموو تەلارسازییە نایابانە بکەیت."
ماريا رومان دانیشتوویەکی دیکەی شارەکەیە و دەڵێت: "نۆتردام بەشێکی گرنگی مێژووە، لەبەر ئەوەی دەتوانی هەستی پێبکەیت کە پێش ئاگرەکە چۆن پارێزراو بووە و چەندە گرنگیی پێدراوە. تەنانەت ئێستاش کە نۆژەنکراوەتەوە و هەموو شتەکان زۆر بە جوانی کراون. هەربۆیە من زۆر خۆشحاڵم بەشداری لە کردنەوەی نۆتردام دەکەم و زۆر پەرۆشی کردنەوەیم."
جگە لە چەند پارچەیەک کە بۆ حەزرەتی عیسا دەگەڕێندرێتەوە، بوونی 2300 پەیکەری مێژوویی، دیواری هەڵکەندراو، شیشەی رەنگاوڕەنگ و ئاوێنە ناوازەکانی، ناو و ناوبانگێکی جیهانیان بەم شاکارە مێژووییە بەخشیوە.
زیاتر لە 840 ملیۆن یۆرۆ بۆ نۆژەنکردنەوەی کۆکرایەوە و ئێستا رازاوەتر لە جاران، لە پێشوازی ساڵانە زیاتر لە 12 ملیۆن گەشتیاری دایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ