رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا داوای لە هاووڵاتیانی دەکات، "دەستبەجێ" سووریا بەجێبهێڵن، ئەوەش لەکاتێکدایە، زیاتر لە 10 رۆژە ئاڵۆزییەکانی سووریا دەستیانپێکردووەتەوە.
رۆژی شەممە، 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "بەهۆی پێکدارانی گرووپە چەکدارەکانی لە تەواوی وڵاتەکە، دۆخی ئەمنی هەر بە ناسەقامگیر و ناپێشبینیکراو ماوەتەوە."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی، تاوەکو ئێستا گەشتە بازرگانییەکان بۆ دەرەوەی سووریا بەردەستە و ئەمریکییەکان دەتوانن لەو رێگەیەوە بڕۆنە دەرەوە سووریا.
ئەو کەسانەشی کە نایەنەوێت بڕۆنە دەرەوەی سووریا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت: "دەبێت پلانیان بۆ دۆخی نائاسایی ئامادە بکەن و خۆیان پەنا بدەن."
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەشی پێدانی رێنماییەکان دەربارەی گەشتکردن، سووریا بە ئاستی چوارەم داناوە و داوا لە هاووڵاتییانی دەکات بەهیچ شێوەیەک گەشتی بۆ نەکەن.
تاوەکو ئێستا جگە لە ئەمریکا، هەریەکە لە رووسیا بەریتانیا، کەنەدا، ئوسترالیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و رووسیا داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە بەهۆی ناجێگیری دۆخی سووریا، ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
چەکدارانی دەستەی تەحریری شام کە دژی حکومەتی سووریان، رۆژی 25-11-2024 هێرشێکی لەناکاویان بە ئاراستەی ئەو شارانە کرد کە لە ژێر دەستی حکومەتن. رۆژی 27-11-2024 گەیشتنە شاری حەلەب و کۆنتڕۆڵیانکرد. رۆژی 06-12-2024 کۆنتڕۆڵکردنی شاری حەمایان لە باشووری حەلەب راگەیاند. گرووپەکە رایگەیاند، بەرەو شاری حیمس دەڕۆن و چاویان لە دیمەشقیشە.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم چەند رۆژەدا، 828 کەس کوژراون کە 111ـیان سڤیلن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ