رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، رووسیا و ئێران هەوڵی خۆدزینەوە لە سزاکانی واشنتن دەدەن. راشیگەیاند، ئێران نابێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکە.
رۆژی چوارشەممە، 6ـی کانوونی یەکەمی 2023، ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن، لەبارەی سزاکانی سەر رووسیا و ئێران، رایگەیاند، "ئێمە بۆ ماوەیەکی درێژ ئەوەمان بینیوە کە رووسیا و ئێران هەوڵی خۆدزینەوە لە سزاکانمان دەدەن، هەر لەبەر ئەوە ئەمریکا ئێستا سزا و رێوشوێنی نوێ دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگری بکات لەوەی خۆیان لە سزاکان بدزنەوە".
رۆژی 6-12-2023، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و رووسیا رێککەوتننامەی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی واژۆ کرد.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئەمڕۆ راگەیێندراوی کۆماری ئیسلامیی ئێران و رووسیای فیدراڵمان بۆ کەمکردنەوەی هەوڵە تاکلایەنەکانی ئەمریکا و بۆ بەرەنگابوونەوەی تاکلایەنگەرایی لە مۆسکۆ واژۆ کرد. خۆشحاڵم کە هەمیشە لە دیپلۆماسی رێبەرانی دوو وڵاتی ئێران و رووسیادا قازانجمان کردووە".
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیاش رایگەیاند، "هاوکارییەکانی نێوان دوو وڵات لە هەموو بوارە سەرەکییەکاندا لە پەرەسەندندایە. رێککەوتنێکمان لە پەیوەندی لەگەڵ کەمکردنەوەی گەمارۆ تاکلایەنەکان واژۆ کرد. ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئەوەی هەوڵە جیهانییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەمارۆ نایاساییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی یەکبخات".
بەشێک لە گەمارۆکانی ئێران پەیوەندییان بە جەنگی ئۆکرایناوە هەیە. ئۆکراینا و ئەمریکا، ئێران تۆمەتبار دەکەن بەوەی درۆن بە رووسیا دەدات بۆ ئەوەی لە جەنگەکەدا بەکاریان بهێنێت، ئەمەش بووەتە هۆی تووڕەبوونی رۆژئاواییەکان.
میللەر گوتیشی، "بینیومانە کە ئەوان [ئێران] بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ ئەوەی سوود لە ناسەقامگیرییەکان وەربگرن و ناسەقامگیری زیاتر دروست بکەن، لەبەر ئەوەش ئێمە زۆر راشکاو بووین لەگەڵ حکومەتی ئێران، ئەوان نابێت هیچ شتێک بکەن کە ببێتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکە؛ هەر لایەنێک دەتوانێت کە پەیام بە ئێران بگەیێنێت، با ئەو پەیامە زۆر بە روونی بگەیێنێت، هەروەها ئێوە بینیوتانە کە ئێمە هەنگاومان ناوە بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانمان لە ناوچەکە بپارێزین".
ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لە کەنداو دەستیان بەسەر دوو کەشتیدا گرتووە، کە نەوتی قاچاخیان بارکردبوو، 34 کەسیش لە ستافی ئەو دوو کەشتییە، کە بیانین لەلایەن هێزەکانیانەوە دەستبەسەر کراون.
سوپای پاسداران پێشتریش لە کەنداو دەستی بەسەر چەندین کەشتیدا گرتووە. ئەمریکا لە هاوینی ئەمساڵدا رایگەیاند، لە دوو ساڵی رابردوودا ئێران لە کەنداو هەڕەشەی بۆ سەر 20 کەشتی دروست کردووە یان دەستی بەسەردا گرتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ