رووداو دیجیتاڵ
ئامادەکردن: بەشدار موزەفەر
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەی نیگەرانە لە زیادبوونی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و ئاماژە بەوەش دەکات کە هەڵوێستی ئەمریکا لەسەر ئەو بابەتە "نەگۆڕە". هاوکات، خۆشحاڵیی ئەمریکاش لەبارەی "هەوڵەکانی حکومەتی عێراق لە بەرامبەر گەندەڵی" دەردەبڕێت.
رۆژی دووشەممە، 7ـی ئابی 2023، ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت، "نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە زیادبوونی پێشێلکارییەکان لە باکووری سووریا بەردەوامە، بەتایبەت سەبارەت بەو کاریگەرییانەی کە ئەو هێرشانە لەسەر خەڵکی سیڤیلی ناوچەکە و ئۆپەراسیۆنی ئێمە لە ناوچەکە بۆ شکستپێهێنانی هەمیشەیی داعش هەیانبووە و هەڵوێستی ئێمە لەسەر ئەو بابەتە نەگۆڕاوە."
رۆژی 4-8-2023، وەزارەتی بەرگری تورکیا لە راگەیێندراوێکدا، رایگەیاند کە پێنج چەکداری هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدەیان لە رۆژئاوای کوردستان لەنزیک سنوورەکانی تورکیا کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکانی سووریا، لە سەرەتای ساڵی 2023 تاوەکو مانگی ئاب، تورکیا زیاتر لە 30 هێرشی درۆنیی کردووەتە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان، ئەوەش بووەتە هۆی کوژرانی 53 شەڕڤانی هەسەدە و 11 هاوڵاتی سیڤیلیش بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەشڵێت: " ئێمە بەردەوامین لە پشتگیریکردنی ئەو هێڵی ئاگربەستە و سەرکۆنەی هەر تێکچوونێکی دۆخەکە دەکەین و بۆ هەموو لایەنەکان گرنگە بەردەوامی بە ئاگربەست بدەن و رێز لە ناوچەکانی ئاگربەست بگرن بۆ ئەوەی دۆخی سووریا بە جێگیری بمێنێتەوە و بەرەو چارەسەرێکی سیاسی کاربکەن، لەکۆتاییدا ئەمریکا لەگەڵ تورکیا و هاوپەیمانە نێوخۆییە سوورییەکان کار دەکات بۆ ئەوەی دڵناببینەوە لە سەلامەتیی کارمەندە ئەمریکییەکان، هێزە هاوبەشەکانمان و هاووڵاتییانی سیڤیل. هەروەها ئێمە بەرژەوەندیی هاوبەشمان لەگەڵ تورکیا لە کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان لە سووریا هەیە و لە نزیکەوە لە راوێژکردن لەگەڵیان بەردەوام دەبین."
میلەر لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداودا سەبارەت بە رادەستکردنەوەی دوو بەرپرسی پێشووی حکومەتی عێراق کە بەگوتەی دەستەی دەستپاکی عێراق لە دۆسیەی دزینی 2.5 ملیار ملیار دۆلاری ئەمریکی لە بەغدا تێوەگلاون، گوتی: " دوو شت هەن. یەکەم، من راپۆرتەکانم بینیوە، بەڵام ناتوانم قسە لەسەر رادەستکردنەوە بکەم. دووەم، من بەشێوەیەکی فراوانتر دەیڵێم، ئێمە خۆشحاڵین کە ئیدارەی سوودانی دۆسیەی گەندەڵی بە جیدیی وەرگرتووە و ئێمە ئەوە بۆ حکومەتی عێراق جێدەهێڵین بۆ ئەوەی زیاتر لەسەر بابەتەکە قسە بکات."
رۆژی یەکشەممە، 6-8-2023، محەممەد حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا لەبارەی دۆسیەی "دزیی سەدە" و گێڕانەوەی پارەکانی عێراق رایگەیاند، پێویستە گوشار بخرێتە سەر وڵاتانی دیکە بۆ ئەوەی پارەکانیان بدەنەوە و گەندەڵکارانیش رادەست بکەنەوە.
سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ چوار بەرپرسی پێشووی حکومەتەکەی مستەفا کازمی دەرکردووە کە لە پرسی "دزینی سەدە" تێوەگلاون، لەوانە بەڕێوەبەری نووسینگەی مستەفا کازمی، سکرتێری، بەڕێوەبەری هەواڵگری و وەزیری دارایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ