سەرۆکی چیچان: ئامادەین لە ئۆکراینا جێگەی گرووپی ڤاگنەر بگرینەوە

07-05-2023
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆماری چیچانی رووسیا ئامادەیی دەردەبڕێت هێزەکانیان جێگەی گرووپی چەکدارانی ڤاگنەر بگرێتەوە کە کۆمپانیایەکی سەربازیی کەرتی تایبەتی سەر بە رووسیایە و لە بەرەکانی پێشەوە شەڕی سوپای ئۆکراینا دەکات.
 
رەمەزان قەدیرۆڤ لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا دەڵێت، نامەیەکی نووسراوی بۆ ڤلادمیر پووتین، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی رووسا و سەرۆکی وڵاتەکە ناردووە کە ئامادەن "شەڕی باخمووت وەرگرن."
 
باخمووت بە قورسترین و خوێناویترین شەڕی ئۆکراینا دادەندرێت لەوەتەی رووسیا لە 24 شوباتی 2022 هێرشی بۆ سەر وڵاتەکە دەستپێکردووە.
 
گرووپی ڤاگنەر دەڵێت، چەند کیلۆمەترێک ماوە دەست بەسەر باخموتدا بگرن، بەڵام چەک و تەقەمەنی بەشیان ناکات و رووسیاش لە مانگی ئۆکتۆبەری 2022ـەوە تەنیا 32٪ی ئەو چەکانەی بە گرووپەکە داوە لەسەری رێککەوتبوون.
 
سەرۆکی کۆماری چیچان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت، " سەرچاوە و توانامان هەیە تاوەکو جێگەی هەر لایەنێک بگرینەوە کە ناتوانن دەست بەشەڕەکەوە بگرن."
 
قەدیرۆڤ ئەوەشی گوت، کە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەستیانکردووە بە چاوخشاندنەوە بە ستراتیژی و پلانی شەڕەکە.
 
رۆژی هەینی، 5ـی ئایار، یێڤگنی پریگۆژین، خاوەنی کۆمپانیای ڤاگنەری سەربازیی تایبەتی رووسیی، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەنێو تەرمی چەکدارەکانی زۆر بە توڕەیی دەرکەوت و کوژرانی ئەو هێزانەی خستە ئەستۆی کەمتەرخەمیی بەرپرسان لە وەزارەتی بەرگریی رووسیا.
 
پریگۆژین هەڕەشەی ئەوە دەکات کە 10ی ئایار لە باخمووت دەکشێنەوە و داوای لە پووتین کردووە شەڕەکە رادەستی رەمەزان قەدیرۆڤی سەرۆکی چیچان بکات.
 
پریگۆژین باس لەوە دەکات، بڕیار بووە ڤاگنەر تا 9ی ئایار دەست بەسەر باخمووتدا بگرێت، کە ئەو رۆژە ساڵیادی سەرکەوتنی رووسیایە بەسەر نازییەکانی ئەڵمانیا لە جەنگی دووەمی جیهانیدا، بەڵام بە گوتەی پریگۆژین، ڤاگنەر لە لایەن فەرماندە سەربازییەکانی سوپای رووسیا لە چەک بێبەشکراوە، بۆیە گرووپەکە ناتوانێت تا ئەو رۆژە باخمووت کۆنتڕۆڵبکات. 
 
ئەمە یەکەمجار نییە پریگۆژین گلەیی لە کەمیی تەقەمەنی دەکات و سوپای رووسیا بە تاوانبار دەزانێت کە لەگەڵیدا ململانێیەکی درێژخایەنی هەیە، بەڵام پێشتر هەرگیز هەڕەشەی کشانەوەی چەکدارەکانی لە ئۆکرانیا نەکردبوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی مۆزەکە لە مەزادخانەی سۆسبی بەریتانی، کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە. وێنە: AP

مۆزێک بە 6.24 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

مەزادخانەی سۆسبی بەریتانی، کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە بڵاویکردەوە، مۆزێک لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە 6.24 ملیۆن دۆلار [شەش ملیۆن و 240 هەزار دۆلار] فرۆشرا.