ئۆکراینا: رووسیا بە چڕی ژێرخانی وزەمان بۆردوومان دەکات

07-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری وزەی ئۆکراینا رایدەگەیێنێت، رووسیا بە چڕی بە دڕۆن و مووشەک ژێرخانی وزەی وڵاتەکەی بۆردوومان دەکات. 
 
رۆژی هەینی، 7ـی ئاداری 2025، گێرمان هاولیشچینکۆ، وەزیری وزەی ئۆکراینا رایگەیاند، دووبارە ژێرخانی گاز و وزەی ئۆکراینا لە چەندین ناوچە کەوتووەتە بەر هێرشی درۆن و مووشەکی.
 
وەزیری وزەی ئۆکراینا گوتی، "رووسیا دەیەوێت بە هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی وزە و گازی وڵاتەکەمان، زیان بە خەڵکی ئاسایی بگەیێنێت و ئامانجیەتی خەڵک کارەبا و گەرمکەرەوەیان نەبێت."
 
تاوەکو ئێستا زیانی هێرشەکان بۆ سەر کەرتی وزەی ئۆکراینا ئاشکرا نەکراوە، بەڵام ئیگۆر تێرێکۆڤ، پارێزگاری خارکێڤ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیلیگرام رایگەیاند، بۆردوومانەکانی رووسیا بوونەتە هۆی ئەوەی چوار کەس لە شارەکە بریندار بن و ژمارەیەک باڵەخانەش ئاگر بگرن. 
 
چڕکردنەوەی هێرشەکانی رووسیا لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، یەکێتیی ئەورووپا کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد و وڵاتانی یەکێتییەکە هاوڕابوون لەسەر ئەوەی بەرگریی ئۆکراینا بەهێزتر بکەن. 
 
واشنتنیش رایگەیاند، دووبارە گفتوگۆکانیان لەگەڵ کیێڤ دەستپێکردووەتەوە و دەیانەوێت هەردوولا لایەنی رووسی و ئۆکراینا بە راگەیاندنی ئاگربەست رازی بکەن. 
 
کۆمیسیۆنی ئەورووپا دوای تەواوبوونی لووتکەی یەکێتییەکە لە برۆکسل رایگەیاند، هەر 27 ئەندامەکەی یەکێتیی ئەورووپا رازی بوون لەسەر دابینکردنی 800 ملیار دۆلار و جێبەجێکردنی پلانی (پڕچەککردنەوەی ئەورووپا).
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لەکاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکە لە برۆکسل بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئێمە سوپاسگوزارین کە تەنیا نین، ئەمەش تەنیا بە قسە نییە."
 
زیلینسکی هەروەها گوتی "زۆر گرنگە کە ئێوە [ئەورووپا] ئاماژەیەکی بەهێزتان بۆ گەلی ئۆکراینا نارد."
 
هاوکات، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا گوتی: "ئەورووپا رووبەڕووی مەترسییەکی روون و هەنووکەیی دەبێتەوە، بەڵام دەبێت توانای ئەوەی هەبێت بەرگریی لەخۆی بکات."
 
لەبارەی بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەورووپا بۆ ئۆکراینا، ئەو بەرپرسەی یەکێتییەکە گوتی: "دەبێت دۆخێک بۆ ئۆکراینا دروست بکرێت، کە بتوانێت تێیدا بەرگریی لەخۆی بکات و هەوڵ بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەرانە بدات."
 
کۆبوونەوەکەی یەکێتیی ئەورووپا لەکاتێکدایە، رۆژی 28-2-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە زیلینسکی کرد و لەبەردەم رۆژنامەڤانان دا دەمەقاڵێ لەنێوانیاندا روویدا.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە