وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: 8ـی ئادار مۆڵەتی هاوردەکردنی وزەی ئێران بۆ عێراق کۆتایی دێت

07-03-2025
دیار کوردە @diyarkurda
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، لە 8ـی ئادارەوە مۆڵەتی هاوردەکردنی گاز و کارەبای ئێران لە لایەن عێراقەوە کۆتایی دێت. 
 
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامێکی پرسیاری دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر هەڵوێستی وڵاتەکەیدا نەهاتووە کە بڕیاریداوە لە 8ـی ئەم مانگەوە چیدیکە چاوپۆشی لە سزای هاوردەکردنی وزەی ئێرانی لە لایەن عێراقەوە نەکات. 
 
برووس بە رووداوی گوت: "لەم کاتەدا، هیچ شتێکمان نییە رایبگەیێنین سەبارەت بە مۆڵەتی ئێستای هاوردەکردنی کارەبا کە 8ـی ئەم مانگە کۆتایی دێت."
 
مانگی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا یاداشتێکی سەرۆکایەتیی واژۆکرد بۆ ئەوەی کۆتایی بەو مۆڵەتە بهێنرێت. 
 
برووس لەو بارەیەوە دەڵێت، "بەپێی یاداشتی سەرۆکایەتیی ئاسایشی نیشتمانی، پێداچوونەوە" بۆ ئەو لێخۆشبوونە دەکرێت کە بۆ سزاکانی سەر ئێران دەرکراوە و "لە رووی ئابووری یان دارایی یارمەتیی" ئێرانی داوە. 
 
برووس گوتیشی: "داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین بە زووترین کات پشتبەستن بە سەرچاوەکانی وزەی ئێران نەهێڵێت و پێشوازی لە پابەندبوونی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی وزەوە دەکەین."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پاڵاوگەیەکی نەوت لە بەندەر عەباسی ئێران. وێنە:AFP

ئەمریکا سزای نوێی بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا سەپاند

ئەمریکا دەڵێت، سزای حەوت کۆمپانیایان داوە کە دەستیان لە فرۆشتنی نەوتی ئێراندا هەبووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی واشنتن و تاران سێ گەڕی دانوستاندنیان لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران کرد.