سوێد چەکهەڵگرتن سنووردار دەکات

07-02-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی سوێد رایدەگەیێنێت، پڕۆژەیاسایەک بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵگرتنی چەک پێشکێش دەکەن و دەستگەیشتنی هاووڵاتییان بە چەک سنووردار دەکەن.
 
رۆژی هەینی 7ـی شوباتی 2025، حکومەتی سوێد لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "چەند جۆرێک چەک هەن کە زۆر مەترسیدارن و تەنیا لە چەند حاڵەتێکی دیاریکراودا رێگە بە هاووڵاتییانی سیڤیل دەدرێت هەڵیبگرن."
 
راگەیێندراوەکەی حکومەتی سوێد دوای چەند رۆژێک لە هێرشە خوێناوییەکەی شاری ئۆریبرۆی رۆژئاوای ستۆکهۆڵمی پایتەخت دێت، کە تێیدا 10 کەس کوژران. 
حکومەتی سوێد دەڵێت: "تاوانە تووندووتیژە قێزەونەکەی ئۆریبرۆ چەندین پرسیاری لەسەر یاسای چەکهەڵگرتن وروژاند." 
 
پۆلیسی سوێد ئاشکرای کردووە لە ماڵی تۆمەتبارەکەی شاری ئۆریبرۆ ژمارەیەک پارچە چەکییان دۆزیوەتەوە و تاوەکو ئێستا دڵنیا نین لەوەی تۆمەتبارەکە مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکی هەبووبێت. 
 
پێکدادانی نێوان باندە رکابەرەکانی تاوان و باندەکانی بارزگانیی بە مادەی هۆشبەر وایکردووە، رووداوەکانی تەقەکردن لە سوێد روو لە زیادبوون بکەن. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی حکومەتی ئەو وڵاتە، ساڵی رابردوو 296 رووداوی تەقەکردن هەبووە.
 
سوێد یاسایەکی تووندی هەڵگرتنی چەک پەیڕەو دەکات و هەر کەسێک بیەوێت لەو وڵاتە چەک هەڵبگرێت، دەبێت بە چەند فیلتەرێکی ئەمنیی تووندا تێپەڕێت.
 
هەر هاووڵاتییەکی ئەو وڵاتە بۆ هەڵگرتنی چەک دەبێت تەمەنی لانیکەم 18 ساڵ بێت، پشکنینی دەروونی تێپەڕێنێت، هۆکارێکی قبووڵکراوی بۆ هەڵگرتنی چەک هەبێت، راهێنان لەسەر بەکارهێنانی چەک بکات و چەکەکەی لە شوێنێکی سەلامەتی ماڵەکەی هەڵبگرێت.  
 
لە زیاتر لە 10 ملیۆن دانیشتووی سوێد، نزیکەی 600 هەزاریان مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکیان هەیە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە