رەنگە ساڵی 2182 بەردێک خۆی بە زەویدا بکێشێت؛ چی روودەدات؟

07-02-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لێکدانەوەی گەردوونناسان دەڵێت، ئەگەر هەیە لە ساڵی 2182، واتە 157 ساڵی دیکە، بەردێک لە بۆشایی ئاسمانەوە بێت و خۆی بە زەویدا بکێشێت. پرسیارەکە ئەمەیە، بەردەکە چی لە زەوی دەکات و چ کاریگەرییەک لەسەر ژیانی دانیشتووانی داهاتووی زەوی دەبێت؟
 
بەردەکە بە قەبارە هێندەی گردێک دەبێت. بەگوێرەی لێکدانەوە گەردوونناسییەکان، چاوەڕوان دەکرێت لە 24ی ئەیلوولی 2182 بەر هەسارەکەمان بکەوێت.
 
بە کورتی، کاریگەرییەکەی لە تەواوی گۆی زەوی هەستی پێدەکرێت؛ گەرما 4 پلەی سیلیزی دادەبەزێت و خۆراکی مرۆڤ دەکەوێتە مەترسییەوە، بەڵام چۆن؟
 
لەو کاتەوەی زەوی و ئاسمان دروستکراون، بەردی ئاسمانی هەر هەبوون و ناوبەناو بەر زەوی کەوتوون.
 
بۆشایی ئاسمان پڕە لە بەردی وێڵی گەورە. هەندێکیان بە ئاراستەی زەوی دێن و دەکرێت بە زەبرێکی گەورە خۆیان بە هەسارەکەماندا بکێشن.
 
بەردە ئاسمانییەکە ناونراوە بێنوو (Bennu). بەگوێرەی ناسا، ئەگەری بەرکەوتنی بەردەکە بەر زەوی، یەک لە 2700ـە، واتە زۆر کەمە.
 
تیرەی بەردەکە 500 مەترە و کێشەکەی 74 ملیۆن تۆنە، ئەگەر بە زەوی بکەوێت، کارەسات و وێرانکاری دەنێتەوە. 
 
بۆ ئەوەی بزانن کاریگەرییەکە بە چ جۆرێک دەبێت، زانایانی زانکۆی نیشتمانیی پووسان لە کۆریای باشوور، کۆمپیوتەرێکی ئاستبەرزی تایبەت بە لێکدانەوە فیزیاییەکان بەکارهێناوە.
 
ئەو زانایانە بە شێوەی دیجیتاڵی، بەریەککەوتنی بەردەکە و زەوییان تاقیکردووەتەوە بۆ ئەوەی بزانن چ کاریگەرییەکی لەسەر خاک، ئاو و هەوای هەسارەکە دەبێت.
 
ئەنجامەکە چی بوو؟
 
بێنوو، واتە ئەم بەردەی باسی دەکەین، زۆر لەو بەردە بچووکترە کە 66 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر بووە هۆی قڕبوونی داینەسۆرەکان، بەڵام ئەگەر بەر زەوی بکەوێت، دەبێتەهۆی ئەوەی لە سەرانسەری گۆی زەوی ببێتە زستان، سەرەنجام بەرهەمهێنانی خۆراک و هاوسەنگیی ژینگەیی تێکدەچن.
 
ئەگەر بێنوو بەر زەوی بکەوێت، ملیۆنان تۆن لە تەپ و تۆز دەچنە نێو بەرگەهەوا و وەک پەردەیەک رێگە نادەن تیشکی خۆر بێتە سەر زەوی، لە ئەنجامی ئەوەدا، گەرمای هەسارەکە 4 پلە دادەبەزێت.
 
تەپوتۆزەکە هەروەها دەبێتە هۆی تێکچوونی پێکهاتەی بەرگەهەوا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا. وێنە: AFP

میدیای ئەمریکا: راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و جێگرەکەی بە فەرمانی ترەمپ لە کار لادران

کەناڵی فۆکس نیووزی ئەمریکی دەڵێت، مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و جێگرەکەی، بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە لە کارەکانیان دوورخرانەوە. ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسی ئەمریکی لە زاری دوو سەرچاوەوە، هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.