رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەیاسایەک بۆ قەدەخەکردنی دیپسیک لەسەر ئامێرەکانی حکومەت پێشکێش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەکرێت.
رۆژی پێنجشەممە 7ـی شوباتی 2025، هەریەک لە جۆش گۆسمیر و دارین لاهوود، ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بە هاوبەشی پڕۆژەیاسایەکیان پێشکێش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کرد.
هەردوو ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران داوای قەدەخەکردنی دیپسیک لەسەر ئامێرەکانی حکومەت دەکەن و هۆشداریش دەدەن لەوەی ئەپە چینییەکە "هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا" و دەشڵێن، دیپسیک و حکومەتی چین "پەیوەندیی راستەوخۆ"ـیان هەیە.
پڕۆژەیاساکە دوای راپۆرتێکی کۆمپانیای فیروت سیکیورتی دێت، کە کۆمپانیایەکی بواری ئاسایشی سایبەرییە و رۆژی 5ـی ئەم مانگە رایگەیاند، دیپسیک کۆدی شاراوەی تێدایە و توانای گواستنەوەی داتاکانی بەکارهێنەرانی بۆ حکومەتی چین هەیە.
گۆسمەر لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی پڕۆژەیاساکە گوتی، "پارتی کۆمیونیستی چین بە روونی دەریخستووە هەر ئامرازێک لەبەردەستیدا بێت بۆ لاوازکردنی ئاسایشی نەتەوەییمان، بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵەی زیانبەخش و کۆکردنەوەی داتای ئەمریکییەکان بەکاریدەهێنێت."
لاهوود، دیپسیکی بە کۆمپانیایەکی سەر بە پارتی کۆمیونیستی چین ناوبرد و گوتی: "بەهیچ شێوەیەک رێگە نادرێت داتا کەسییەکان و داتاکانی حکومەت بەکاربهێندرێن."
ئەپە چینییەکە بە تێچوویەکی کەم و هێزێکی گەورەوە هاتە نێو گۆڕەپانی تەکنەلۆژیای جیهانی و کێبڕکێی باڵادەستی چات جی پی تی و گووگڵ جێمنای دەکات.
دیپ سیک کە بە نەهەنگە شینەکە ناسراوە، رۆژی 27ـی کانوونی دووەم دوایین وەشانی خۆی بە ناوی (R1) خستەڕوو، کە دەتوانێت لە زۆر بواردا خێراتر و وردتر لە چات جی پی تی و ئەپە ئەمریکییەکانی دیکە وەڵام بداتەوە. لەو رۆژەدا بازاڕی تەکنەلۆژیای ئەمریکا گورزێکی گەورەی بەرکەوت و نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار لە بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکانی هاردوێر و سۆفتوێری ئەمریکا دابەزی.
رۆژی 4ـی ئەم مانگە ئوسترالیا رایگەیاند، چیدیکە رێگە بە کارمەندانی حکومەت نادەن دیپسیک بەکاربهێنن.
زیادبوونی خێرای بەکارهێنەرانی دیپسیک نیگەرانیی بەرپرسانی ئەمریکای لێکەوتووەتەوە کە گومانیان هەیە لە لایەن حکومەتی چینەوە بۆ سیخوڕیی بەکاربهێنرێت
ئەپە چینییەکە تاوەکو ئێستا جگە لە ئوسترالیا لەلایەن ئیتاڵیا، تایوان و بەشێک لە دەزگا فیدراڵییەکانی ئەمریکا قەدەخە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ