رووداو دیجیتاڵ
رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، ئەمریکا پاڵپشتی لە راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی لە غەززە ناکات. باسی لە هێرشەکانی سەر بنکەکانی هیزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمان لە عێراق کرد و گوتی: "هێرشەکان لەلایەن گرووپەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە دەکرێن".
رۆژی چوارشەممە، 06-12-2023، جۆن کێربی، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن، گوتی، "ئەمجارە ئێمە پاڵپشتی لە راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی ناکەین. ئاگربەستێک کە سوود بە حەماس بگەیێنێت، رێگەیان پێ بدات کە سەرچاوەکانیان رێکبخەنەوە، دووبارە راهێنان بکەنەوە و یەکبگرنەوە و هێرشبکەنەوە سەر خەڵکی ئیسرائیل".
کێربی ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا پاڵپشتی لەوە دەکات کە تەنیا شەڕەکە بەشێوەیەکی کاتی بوەستێت بۆ ئەوەی بارمتەکان ئازاد بکرێن و بڕێک پێداویستیی مرۆیی بگات بە غەززە. گوتیشی: "ئێمە زۆر پاڵپشتی لە بەردەوامی ئاگربەستی مرۆیی دەکەین، کە لە ناوچەیەکی تایبەت و بۆ چەند ئامانجێکی دیاریکراوە وەکو ئەوەی کە هەفتەیەک بەردەوام بوو و بووە هۆی ئەوەی بارمتەکان ئازاد بکرێن و هاوکارییە مرۆییەکان بگەنە ناوەوە".
رۆژی 24-11-2023، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە بە نێوەندگیریی قەتەر و میسر بۆ چوار رۆژ راگەیێندرا؛ دواتر دووجار درێژکرایەوە؛ جاری یەکەم 48 کاژێر و جاری دووەمیش 24 کاژێر.
لە ئاگربەستە حەوت رۆژییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا 105 بارمتەی ئیسرائیلی و بیانی ئازادکران و لە بەرامبەریشدا 240 زیندانیی فەلەستینی ئازادکران. بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، حەماس هێشتا 137 بارمتەی دیکەی لایە.
کێربی لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەی رووداودا سەبارەت بە هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق بۆ سەر بنکەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان گوتی: "ئێمە دەزانین کە هێرشەکان لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێران و پاڵپشتیکراوی ئێرانەوە دەکرێن و لەلایەن سوپای پاسدارانەوە پارەدار دەکرێن".
رۆژی یەکشەممە، 3-12-2023، کاروانێکی حەشدی شەعبی لە سنووری قەزای دووبزی سەر بە کەرکووک بۆردوومان کرا. گرووپێکی چەکداری شیعەکان کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامی" ناساندو رایانگەیاند، پێنج چەکداریان کوژراوە و ئەمریکاشی بە ئەنجامدانی هێرشەکە تۆمەتبار کرد.
رۆژی 4-12-2023 فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ناسراو بە سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێنج چەکدارییان لە نزیک کەرکووک کردووەتە ئامانج، کە ئامادەکارییان بۆ هێرشێکی درۆنی دەکرد و هێرشەکەی سەریان لەئەنجامدا هەر پێنج چەکدارەکە کوژراون.
لە 18-10-2023وە تاوەکو 23-11-2023 بەشێک لە گرووپە چەکدارە شيعەکانى نزیک لە ئێران کە ناوى خۆيان ناوە موقاوەمەى ئیسلامی لە عێراق، بەرپرسیاریێتى خۆیان لە 67 هێرش راگەیاندووە کە گوایە کردوویانەتە سەر بنکەکانى ئەمریکا لە عێراق و سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ