وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: داوا لە سوودانی کراوە لێپرسینەوە لە گرووپە چەکدارەکان بکات

06-11-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
 ڤێدان پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
ڤێدان پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە رووداوی گوت، بڕوامان وایە حکومەتی عێراق توانای هەیە ئەو گرووپانە رووبەڕووی لێپرسینەوە بکاتەوە کە هێرشدەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا. 
 
رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن رایگەیاند: "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد کە ئەو گرووپانە رووبەرووی بەرپرسیارێتی بکاتەوە و پارێزگاری هێزەکانی ئەمریکا بکەن."
 
پاتێل گوتیشی: "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆکوەزیران، سوودانی باسیان لە چەند پرسێکی دیکە کردووە، لەنێویاندا شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس و ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی شەڕەکە عێراق ناگرێتەوە".
 
رۆژی 05-11-2023، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەچوارچێوەی گەشتێکیدا بۆ چەند وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.  
 
کۆبوونەوەکەی بلینکن لەگەڵ سوودانی یەک کاژێری خایاند، دواتر چووە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و لەبارەی هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان زانیارییان پێدا.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دوای کۆبوونەوەکەی بلینکن و سوودانی، راگەیێندراوێکی فەرمیی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "وەزیری دەرەوە و سەرۆکوەزیران گفتووگۆیان لەبارەی کێشەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل و پێویستیی رێگرییکردن لە تەشەنەکردنی کێشەکان کردووە. وەزیری دەرەوە باسی دۆخی مرۆیی نێو غەززەی کردووە، هەروەها پابەندیی بەردەوامی ئەمریکا لە هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق و هاوبەشەکانی دیکەی ئەمریکا بۆ دەستەبەرکردنی ئاو، خۆراک، چاودێریی تەندروستی و هەر هاریکارییەکی دیکەی پێویستی گەنگەشە کردووە".
 
ئەوە لەکاتێکدایە، پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "لە 17ـی ئۆکتۆبەرەوە لە عێراق 20 جار و  لە سووریاش 18 جار کە کۆی گشتی دەکاتە 38 جار لە عێراق و سووریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانمان و بەهۆیانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندمان بە سووکی برینداربوون.
 
لە 17ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵەوە، لانیکەم 38 جار هێرشکراوەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا و زۆربەی هێرشەکانیش لە رێگەی درۆنەوە کراون. 
 
واشنتن هێرشەکان دەخاتە ئەستۆی ئەو هێزانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، لەو چوارچێوەیەشدا مانگی رابردوو چەند ئامانجێكی لە سووریا بۆردوومان کرد و دەڵێت: ''لەو گرووپانەن کە سەر بە تارانن".
 
هێرشکردنە سەر هێزەکانی نزیک لە ئێران، بەگوتەی پێنتاگۆن، پەیوەندی بە شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی غەززەوە نییە و دەڵێت، "ئەو هێرشانە ئامانج لێیان بەرگریکردنە و بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە کارمەندانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا کراون و جیاوازن لەو ململانێیەی نێوان ئیسرائیل و حەماس و گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس دروستناکەن".
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ ڤێدانت پاتێڵ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا:
 
رووداو: سوپاس ڤێندانت، بەخێربێیتەوە. ئەمڕۆ سەرۆککوەزیرانی عێراق لە ئێران بوو، لەگەڵ رێبەری باڵای ئێران کۆبووەوە و رێبەری باڵای ئێران گوتی، حکومەتی عێراق پێویستە گوشاری زیاتر ئەمریکا و هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئەوەی وابکات کە ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل رابگەیێندرێت، هەروەها ئێمە زانیومانە کە دوێنێ وەزیری دەرەوە ئەنتۆنی بلینکن، داوای لە حکومەتی عێراق کردووە کە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو گرووپانە بکات کە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەڵام لەوکاتەوە شەش هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، لە هەرێمی کوردستان و سووریا کراون؛ پێتوایە کە حکومەتی عێراق ئەو گرووپانە رووبەڕووی بەرپرسیاریێتی ناکاتەوە؟ حکومەتی عێراق توانای ئەوەی هەیە ئەو گرووپانە رووبەڕووی بەرپرسیاریێتی بکاتەوە؟
 
ڤێدانت پاتێڵ: ئێمە پێمانوایە حکومەتی عێراق توانای هەیە ئەو گرووپانە رووبەڕووی لێپرسینەوە بکاتەوە، هەروەها  پێمانوایە ئەو کارە لە جێبەجێکردندایە. وەزیری دەرەوە هەروەکو تۆ باست کرد، داوای لە سەرۆکوەزیران، سودانی کردووە بۆ ئەوەی ئەو گرووپانە رووبەڕووی بەرپرسیاریێتی بکاتەوە، هەروەها گرنگە کە بەردەوام ئەو گرووپانەی هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق رووبەڕووی بەرپرسیاریێتی بکرێنەوە.  ئەوان باسیان لە چەند پرسێکی دیکە کردووە، لەنێویاندا شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس و ئەو هەنگاوانەی کە پێویستە بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی شەڕەکە عێراق نەگرێتەوە.
 
رووداو: بۆچی ئێوە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکاتان بۆ عێراق رانەگەیاند؟ ئایا ئێوە نیگەرانی ئەوە بوون لەکاتی سەردانەکەیدا رووداوێک رووبدات؟ تەنانەت کاتێک کە سەردانی ناوچەی سەوزی بەغدای کرد، گوللەبەندی بەستبوو.
 
ڤێدانت پاتێل: من باس لەو رێکارانە ئەمنیانە ناکەم کە باس لە پلان و سەردانەکانی وەزیری دەرەوە دەکات. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پاسپۆرتی ماڵتا

یەکێتیی ئەورووپا: پاسپۆرتی زێڕینی ئەورووپی 'نایاساییە'

دادگەی دادی ئەورووپی، بەرنامەی پێدانی "پاسپۆرتی زێڕین"ی ئەورووپای بە نایاسایی هەژمار کرد، کە دەدرێتە وەبەرهێنەری بیانی و لە رێگەی وەبەرهێنانەوە هەڵگرانی دەتوانن وڵاتینامەی ئەورووپی وەربگرن. دادگەکە رایگەیاند، "پێدانی ئەو پاسپۆرتە، پێشێلکردنی یاساکانی یەکێتییەکەیە."