زیلینسکی بۆ یەکێتیی ئەورووپا: سوپاس کە واتانکرد ئۆکراینا بە تەنیا نەبێت

06-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئۆکراینا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی یەکێتیی ئەورووپا، گەیشتە برۆکسل و سوپاسی ئەورووپای کرد، کە لە جەنگەکەیاندا دژی رووسیا، ئۆکراینایان جێنەهێشتووە.
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 6ـی ئاداری 2025) ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە برۆکسل بە رۆژنامەڤانانی گوت، "ئێمە سوپاسگوزارین کە تەنیا نین، ئەمەش تەنیا بە قسە نییە."
 
زیلینسکی هەروەها گوتی "زۆر گرنگە کە ئێوە [ئەورووپا] ئاماژەیەکی بەهێزتان بۆ گەلی ئۆکراینا نارد."
 
هاوکات، ئۆرسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا گوتی، "ئەورووپا رووبەڕووی مەترسییەکی روون و هەنووکەیی دەبێتەوە، بەڵام دەبێت توانای ئەوەی هەبێت بەرگریی لەخۆی بکات."
 
لەبارەی بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئەورووپا بۆ ئۆکراینا، ئەو بەرپرسەی یەکێتییەکە گوتی، "دەبێت دۆخێک بۆ ئۆکراینا دروست بکرێت، کە بتوانێت تێیدا بەرگریی لەخۆی بکات و هەوڵ بۆ ئاشتییەکی بەردەوام و دادپەروەرانە بدات."
 
کۆبوونەوەکەی یەکێتی ئەورووپا لەکاتێکدایە، رۆژی 28-2-2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە زیلینسکی کرد و لەبەردەم رۆژنامەڤانان دا دەمەقاڵێ لەنێوانیاندا روویدا. 
 
 
دوای کۆبوونەوەکەش، ئیدارەی ئەمریکا هەموو هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ ئۆکراینا راگرت.
 
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئاداری 2025، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، نامەیەکی لەلایەن زیلینسکییەوە پێگەیشتووە، کە تێیدا ئامادەیی ئۆکراینای نیشانداوە بۆ گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لەپێناو کۆتاییهێنان بە جەنگی سێ ساڵەی ئۆکرانیا و رووسیا. 
 
رۆژی 5ـی ئەم مانگەش، جۆن راتکلیف، بەڕێوەبەری ئاژانسی سی ئای ئەی ئەمریکی راگەیاند، بڕیاریان داوە چیدیکە زانیارییە هەواڵگرییەکان لەگەڵ ئۆکراینا ئاڵوگۆڕ نەکەن. 
 
لە شوباتی 2022ـوەوە لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکراینا، ئەمریکا هاوبەشیکردنی زانیارییە هەواڵگرییەکان، هەروەها دابینکردنی زانیاری گرنگ لەبارەی جموجۆڵی سوپای رووسیا، بۆ ئۆکراینا دابینکردووە.
 
لەبارەی ئەو بڕیارەی ئیدارەی ترەمپ، مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند "ئەمریکا هەنگاوێک چووەتە دواوە و ئیدارەکە هەڵسەنگاندن بۆ هەموو لایەنەکانی پەیوەندییە هەواڵگرییەکانی لەگەڵ ئۆکراینا دا دەکات." 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەگەڵ ڤیکتۆریا تایلەر

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: داوا لە هاوڕێ کوردەکانمان دەکەین زوو حکومەت پێکبێنن

جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، هانی بەرپرسانی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەدەن، پەلە بکەن لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان.