رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی کۆریای باشوور رایدەگەیێنن، فڕۆکەیەکی شەڕکەرییان بە هەڵە لە شارێکی باکووری وڵاتەکە هەشت بۆمبی بەرداوەتە خوارەوە و ژمارەیەک هاووڵاتیی سیڤیلی بریندار کردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی ئاداری 2025، هێزی ئاسمانی کۆریای باشوور لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "هەشت بۆمبی جۆری MK-82 بە هەڵە لەلایەن فڕۆکەیەکی شەڕکەری کەی ئێف 16 خراونەتە خوارەوە."
رووداوەکە کاژێر 1:00ـی دوای نیوەڕۆ بە کاتی کۆریای باشوور [کاژێر 7:00ـی بەیانی ئەمڕۆ بەکاتی بەکاتی هەولێر] لە شاری پۆکیۆن لە باشووری ئەو وڵاتە روویداوە.
شارەکە نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی سیئۆلی پایتەخت دوورە و دەکەوێتە سەر سنوورەکانی کۆریای باکوور.
هێزی ئاسمانیی کۆریای باشوور لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند: "رووداوەکە زۆر نیگەرانی کردووین؛ ژمارەیەک هاووڵاتی سیڤیل بریندار بوون و هیوای زوو چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازین."
هەرچەندە تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئەو وڵاتە رایاننەگەیاندووە چەند کەس لە رووداوەکە بریندار بوون، بەڵام میدیای کۆریای باشوور ئاماژە بە برینداربوونی هەشت کەس دەکەن و دەشڵێن، برینی چواریان قورسە.
هەروەها میدیای ئەو وڵاتە ئاماژە بەوەش دەکات، بۆمبەکان زیانیان بە ژمارەیەک خانوو و کەنیسە گەیاندووە.
هێزی ئاسمانیی کۆریای باشوور لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە پێکهێناوە و ئاماژە بەوە دەکات، "دەبێت هەموو رێکارێکی پێویست بگیرێتەبەر و ئەوانەی زیانیان بەرکەوتووە قەرەبوو بکرێنەوە."
فڕۆکەکە، بەگوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، خەریکی مەشقی سەربازی بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ