شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە رێوڕەسمی نزای نیشتمانیی بەیانیان لە واشنتن کرد

06-02-2025
دیار کوردە @diyarkurda
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

بە ئامادەبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەشداریی شاندێکی هەرێمی کوردستان، بەیانیی رۆژی پێنجشەممە رێوڕەسمی نزای نیشتمانی بەیانیان بەڕێوەچوو.
 
لە رێورەسمەکەدا، بێجگە لە سەرۆکی ئەمریکا، هاوکات ژمارەیەکی زۆر کەسایەتیی سیاسی و دیاری ئەمریکا و ئەندامانی کۆنگرێس بەشداربوون. 
 
ساڵانە بۆ بەشداریکردن لەو رێوڕەسمە، کەسایەتی و نوێنەرانی نزیکەی 100 وڵات بانگهێشت دەکرێن، هاوشێوەی ساڵانی رابردووش، ئەم ساڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان لە نێویاندا هێمن هەوارمی، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و نوێنەرانی وەزارەتی ئەوقاف و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن بەشدربوون.
 
لە پەراوێزی رێورەسمەکەشدا، شاندی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا و  بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە نێویاندا لەگەڵ مەسعەد پۆڵۆس، راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەنجامدا.
 
رێورەسمی نزای نیشتمانی بەیانیان کە بە The National Prayer Breakfast ناسراوە، رێورەسمێکێکە ساڵانە لە یەکەمین رۆژی پێنجشەممەی مانگی شوبات لە واشنتن دی سی پایتەختی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و بۆیەکەمین جاریش ئەم رێوڕەسمە لە ساڵی 1953 بەڕێوەچووە.
 
ساڵانە سەرۆک یان جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لەگەڵ بەشێکی ئەندامانی هەردوو ئەنجوومەنەکەی ئەمریکا (ئەنجوومەنی نوێنەران و پیران)، کەسایەتیی ئایینی، دیپلۆماتکار و بازرگان کەسایەتییە دیارەکانی وڵاتانی دیکە و ویلایەتەکانی ئەمریکا بەشداری تێدا دەکەن.
 
بەر لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی نزاکردنەکەش، چەند رۆژێک پێشتر، ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە لە نێوان بەشداربووان و میوانانی رێورەسمەکە بەڕەوەدەچن، ئامانجی سەرەکیش لە رێورەسمی سەرەکییەکەش، نزاکردنە بۆ خۆشگوزەران و بەهاکانی ئەمریکا و وڵاتانی بەشدارە.
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە