راپۆرتێک: 597 ملیار دۆلار داهاتی پاری 100 کۆمپانیای بواری چەک بووە

05-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پەیمانگەی نێودەوڵەتیی توێژینەوەی ئاشتی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ساڵی رابردوو، داهاتی 100 کۆمپانیای گەورەی دروستکردنی چەک 597 ملیار دۆلار بووە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە لە ساڵی 2022دا خواست لەسەر کڕینی چەک زیاتر بووە و هۆکارەکەشی بۆ "لەشکرکێشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا و گرژییە جیۆ-سیاسییەکان لە تەواوی جیهان" گەڕاندووەتەوە.
 
لوسی بێراد، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی خەرجییە سەربازییەکان و بەرنامەی بەرهەمهێنانی چەک لە پەیمانگەکە دەڵێت، "زۆربەی کۆمپانیاکانی دروستکردنی چەک لە ساڵی رابردوودا بەهۆی زۆری خواست لەسەر کڕینی چەک رووبەڕووی بەربەست بوونەتەوە".
 
داهاتی چەک لە ئەمریکا دابەزیوە
 
داهاتی 42 کۆمپانیای ئەمریکی کە لە 100 باشترین کۆمپانیاکانی جیهانن لە بواری دروستکردنی چەکدا، لە ساڵی رابردوودا نزیکەی 302 ملیار دۆلار بووە، بەوەش بەراورد بە ساڵی 2021 داهاتیان 7% دابەزیوە. پەیمانگەی نێودەوڵەتی توێژینەوەی ئاشتیش لە راپۆرتەکەیدا هۆکارەکەی بۆ کەمی دەستی کار گەڕاندووەتە کە بەهۆی پەتای کۆڕۆناوە سەریهەڵداوە.
 
نان تیان، توێژەر لە پەیمانگەی نێودەوڵەتی توێژینەوەی ئاشتی دەڵێت، "لێشاوێکی نوێی داواکاری بۆ چەک دەبینین کە پەیوەندییان بە شەڕی ئۆکرایناوە هەیە؛ هەندێک لە کۆمپانیاکانی ئەمریکا داواکاری نوێیان بۆ دروستکردنی چەک بۆ هاتووە، بەڵام توانایان نییە هەموو ئەو داواکارییانە لەکاتی خۆیدا جێبەجێ بکەن".
 
داهاتی کۆمپانیاکانی ئاسیا باشترە
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، داهاتی چەکی 22 کۆمپانیای ئاسیا و ئۆقیانووس 3.1% بەرزبووەتەوە و لە ساڵی رابردوودا داهاتیان 134 ملیار دۆلار بووە، ئەوەش دەبێتە دووەم ساڵ لەسەریەک داهاتی فرۆشتنی چەکی کۆمپانیاکانی ئاسیا و ئۆقیانووس لە ئەوروپا زیاتر بێت. 
 
شیاو لیانگ، توێژەر لە بەرنامەی خەرجییە سەربازییەکان و بەرهەمهێنانی چەک لە پەیمانگەی نێودەوڵتی توێژینەوەی ئاشتی دەڵێت، "داواکاری ناوخۆیی و پشتبەستن بە دابینکەرانی ناوخۆیی کۆمپانیا ئاسیاییەکانی چەکی لە پچڕانی زنجیرەی دابینکردن پاراستووە".
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات، "کۆمپانیاکانی چین، هیندستان، ژاپۆن و تایوان لە وەبەرهێنانی بەردەوامی حکومەتی وڵاتەکەیان بۆ بەمۆدێرنکردنی کەرتی سەربازی، سوودمەندبوون".
 
کۆمپانیاکانی تورکیا و ئیسرائیل پێشەنگن
 
راپۆرتەکە دەریدەخات، لە ساڵی 2022دا حەوت کۆمپانیای رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە لە ریزی باشترین 100 کۆمپانیاکانی جیهانن، گەشەی بەرچاوی بەدەستهێنانی داهاتیان تۆمارکردووە. 
 
داهاتی فرۆشتنی چەکی ئەو حەوت کۆمپانیایایە 17.9 ملیار دۆلار بووە و بەراورد بە ساڵی 2021 داهاتیان 11% زیادیکردووە. 
 
راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، چوار کۆمپانیای تورکی داهاتیان لە ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە 5.5 ملیار دۆلار و داهاتیان بەراورد بە ساڵی 2021 نزیکەی 22% زیادیکردووە.
 
سێ کۆمپانیای ئیسرائیلیش لە ریزبەندی ئەو 100 باشترین کۆمپانیایەی بەرهەمهێنەری چەکدان و بەگوێرەی راپۆرتەکە، داهاتیان لە ساڵی رابردوودا گەیشتووەتە 12.4 ملیار دۆلار.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە