سیابەند کایا بە وێنە و پەیکەرەکانی بووەتە ناوێکی دیار لە کۆمەڵگەی سوێدی

05-08-2023
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
سیابەند کایا.
سیابەند کایا.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شێوەکارێکی ناسراوی کورد کە نزیکەی 40 ساڵە لە دیاسپۆرا دەژیت، تابلۆکانی تەماشەڤانان دەباتەوە نێو گوندەکانی کوردستان. لەو کوردستانە بچوکەکەیدا بەدەم موزیکی کوردیەوە کە دەیباتەوە ژیانی گەنجێتی و گوندەکەی لە باکووری کوردستان، ڤلچەکانی سیابەند سیمای تابلۆکانی بە رەنگ و وێنەی ژیانی گوندی کوردستان و چیرۆکی کوردەواری داپۆشیوە. 
 
سیابەند کایا لە گوندی قەرەشێ، گوندەکەی ئەحمەدی خانێ لە باکووری کوردستان لەدایکبووە، ئەکادێمیای هونەرە جوانەکانی شاری ئیستەنبووڵی تەواوکردووە؛ وێنەکێش و پەیکەرسازە، بەڵام بەهۆی دۆخی سیاسیی تورکیا سیابەند 39 ساڵ لەمەوبەر وڵاتی دایکی بەجێهێشتووە و چووەتە سوێد. 
 
سیابەند کایا دەڵێت، "گرانیی هونەرەکەم، لە گۆرانیی کوردی، لە چیرۆکی کوردی، بەسەرهاتەکانم، بەسەرهاتی کەسانی دیکە، لە دەوروبەرم، ئەو شتانەی کە بیستبووم، شتێک کە گرانبەهابێت، کە رەنگێکی فۆلکلۆری کوردایەتیی تێدابێت، بوونەتە هەڵقوڵاوی ئیلهامەکانم . 400 بۆ 500 تابلۆم هەن." 
 
تابلۆکانی سیابەند هاوار بۆ  ئازادی و ئاشتی دەکەن، هەڵپەرێکی کوردی و فەرشی بەدەست دروستکراوەکانی دایکی لەتابلۆکانیدا رەنگیان داوەتەوە. 
 
سیابەند لە سوێد دەبێتە مامۆستای وێنەکێشان و چەندینجار پێشانگەی کردووەتەوە و لە نێو کورد و سوێدیەکانیش ناسراوە. 
 
سیابەند 37 ساڵە ژیانی هاوژینی لەگەڵ کچێکی سویدی پێکهناوە و دوو کوڕییان هەیە، ئێڤا لە رێگەی تابلۆکانی هاوژینەکەی ئاشنای کولتوری کوردی بووە.
 
ئێڤا، هاوژینی سیابەند دەڵێت، "ئەوان حەزدەکەن سەیری ئەم نیگارانە بکەن، هەموو جارێک کە دێنە ماڵمان. زۆر ژیانیان تێدایە، واتە پڕن لە جووڵە، ژیانێکی زۆر، خوێنێکی زۆر، ماندووبوونێکی زۆر لە تابلۆکانیدایە. زۆر چیرۆکیان تێدایە. دابونەریت، بۆنە و ئاهەنگ و ئەو شتانەیان تێدایە کە ئەو ئەزموونیکردوون. ژیانی، تەمەنی منداڵیی و ئەو شتانەی تێدایە کە دەیەوێت لە بارەی خەڵکی کورد و شێوازی ئەو ژیانەی کە پێی گەورەبووە، بیانخاتەڕوو."
 
یەکێک لە کارەکانی کە سیابەند زۆر شانازیی پێوە دەکات و کاتێکی زۆری تێدا کاری لێکردووە پەیکەری مەلا مستەفای بارزانییە بەسەر ئەسپەکەیەوە، چیرۆکی ئەو کاتەی کە مەلا مستەفا بارزانی لە مهاباد بەرەو رووسیا بە رێکەوتووە، هەرگیز لە بیرناکات.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە