رووداو - واشنتن
زانکۆی دهۆک رێککەوتنێکی لەگەڵ پەیمانگەی سیاسەتی جیهان لە واشنتن واژۆ کرد؛ رێککەوتنەکە لە پێنج لاپەڕە پێکهاتووە و رێککەوتنێکی لێکتێگەیشتنە، تێیدا بڕوانامەی هاوبەش بە خوێندکارە بەشداربووەکان دەدرێت، بۆ هەر ساڵێکیش 20 کرێدتیان پێدەدرێت کە هاوتایە بە 60 کرێدتی خوێندن لە زانکۆی دهۆک.
هەرچەندە رێککەوتنەکە لەنێوان زانکۆی دهۆک و پەیمانگەی سیاسەتی جیهانی-دایە، بەڵام هەموو خوێندکارانی زانکۆکانی دیکەی کوردستان دەتوانن بەشداریی تێدا بکەن و بڕوانامەکە وەربگرن.
د. داوود ئەترووشی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک بە رووداوی گوت، "ئێمە کادیر بۆ کوردستان دروستدەکەین نەک بە تەنیا بۆ دهۆک، بۆیە ئەمە دەبێتە پڕۆسەیەکی کراوە بۆ هەموو کوردستان. بە بۆچوونی ئێمە دەبێت کوردستان هەموو پێکەوە کار بکەن، دەمەوێت ئەوەش بڵێم کە بڕوانامەکە هاوبەش دەبێت، بەرنامەکەش هاوبەشە و لەنێوان زانکۆی دهۆک و پەیمانگەی سیاسەتی جیهانی بەیەکەوە دانراوە، بە یەکەوەش پلانەکە دانراوە کە وانەکان چۆن و لە کوێ دەگوترێنەوە، لەو باوەڕەداین ئەم خوێندنە بە کوالێتییەکی بەرز دەبێت، لەژێر چاودێریی دامەزراوەیەکی گرنگ و خەڵکانی خاوەن ئەزموون دەبێت."
رێککەوتنەکە بە شێوەیەکی ئەزموونی بۆ ماوەی ساڵێکە، ئەگەر لەم قۆناخەدا سەرکەوتوو بوون، دەتوانن بۆ چوار ساڵی دیکە لە کارپێکردنی بەردەوام بن، بۆ خوێندنی هەر کرێدتێکیش کە لە پۆلدا بخوێندرێت 1300 دۆلار و ئەگەر بە شێوەی ئۆنلاینیش بێت 650 دۆلار لە خوێندکار وەردەگیرێت."
ئامانجی سەرەکییش لە رێککەوتنەکە ئەوەیە، سوود لە توانا و ئەزموونەکانی ئەو پەیمانگە ئەمریکییە وەربگرن تاوەکو کادیری بەتوانای دیپلۆماسی لە کوردستان دروستبکرێت.
باڵیۆز ئاڵدۆنا، سەرۆکی پەیمانگەی سیاسەتی جیهانی دەڵێت، "چاومان لەوەیە زۆر لە نزیکەوە کار لەگەڵ زانکۆکەدا بکەین، بەتایبەتیش لەڕووی گوتنەوەی وانەی دیپلۆماسییەوە، بەکارهێنانی ئەو بەهرانەی دیپلۆماتێک پێویستیەتی و بەکارهێنانی ئەو ئامرازانەی بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەکاردەهێندرێن، ئەمەش بۆ گەیشتن بە ئامانجی هاوبەشمان، لەنێویاندا ئامانجی هەرە گرنگمان ئازادییە، بۆیە زۆر خۆشبەختین کە توانیمان ئەو پەیوەندییە پەرەپێبدەین."
پەیمانگەی سیاسەتی جیهانی، دامەزراوەیەکی پەروەردەیی سەربەخۆی ئەمریکا لە واشنتن دی سی و لە ساڵی 1990 دامەزراوە؛ زیاتر بایەخ بە خوێندنی دیپلۆماسی، ئاسایشی نیشتمانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ