رووداو - هەولێر
ناکۆکییە سیاسییەکان لە یەمەن هەموو شتێکیان گرتووەتەوە، تەنانەت بەڕۆژووبوون جەژنیش. سوننەکانی یەمەن، رۆژی سێشەممە لەگەڵ سعودیە کردیانە یەکەم رۆژی جەژن، بەڵام لە بەشەکەی دیکەی یەمەن، واتە ئەو ناوچانەی لەژێر دەستی حوسییەکاندان، سێشەممە کۆتا رۆژی رەمەزان بوو.
عەبدوڵڵا عەلی، دانیشتووی عەدەن دەڵێ "بۆ سەدان ساڵ بەر لە ئێستا، ئەم ناوچەیە (یەمەن) یەک وڵات بووە، پێشتر هیچ جیاوازییەک لەنێوان خەڵک و رەگەز و ئایینە جیاوازەکاندا نەبوو، بەڵام ئێستا چونکە حوسییەکان بەشێکی وڵاتیان دابڕاندووە، یەمەنیان خستووەتە نێو شەڕ و ململانێوە".
یادکردنەوەی جەژنی رەمەزان لە یەمەن لە دوو رۆژی جیاوازدا بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە رووداوێکی ناخۆش و بە ئازارە.
بەشێک لە یەمەنییەکانی دانیشتووی سەنعا رۆژی سێشەممە بە رۆژووبوونە، کەسوکاریشیان لە عەدەن لە هەمان رۆژ کردوویانە بە جەژن، ئەمەش خۆشییەکانی جەژنی کەمکردووەتەوە.
عەبدوڵڵا ئەلعەرەبی، دانیشتووی سەنعا دەڵێ "هەست بە ئازار دەکەین، کاتێک ئێمە لە دوایین رۆژی رەمەزاندا بەڕۆژووین، بەڵام لە بەشەکانی دیکەی یەمەن جەژنە. هەندێک کەس لە سەنعان و، کەسوکاریان لە عەدەنە و ئەوان کردوویانەتە جەژن، ئەمەش بۆ ئەوان ناخۆشە، هیواخوازم خەڵکی یەمەن یەکبگرنەوە و لەسەر یەک شت رێکبکەون".
لە مێژووی هاوچەرخی یەمەندا، ئەمە یەکەمین ساڵە لەو وڵاتەدا لە دوو رۆژی جیاواز یادی جەژن بکرێتەوە، هۆکاری ئەم رووداوەش هیچ شتێک نییە تەنیا ناکۆکی سیاسیی نێوان حکومەتی حوسییەکان لە سەنعا، هەروەها حکومەتی پشتیوانلێکراوی یەمەن نەبێت لە عەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ