ترەمپ: لە نزیکترین کاتدا دەست بە فرۆشتنی کارتی زێڕین دەکەین

05-03-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، لە زووترین کاتدا دەست بە فرۆشتنی جۆرە کارتێک دەکەن کە بە 'کارتی زێڕین' دەناسرێت و هاوشێوەی کارتی سەوزی ئەمریکایە.
 
رۆژی سێشەممە 4ی ئاداری  2025 بە کاتی ئەمریکا و (5ـی ئادار بە کاتی کوردستان) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی بە ئامادەبوونی ئەندامانی هەردوو پارتی کۆماری و دیموکراتەکان، گوتارێکی لەبارەی سیاسەتەکانی ئیدارەکەی پێشکێش کرد.
 
لە گوتارەکەیدا ترەمپ رایگەیاند، "پلانێکی وردمان بۆ ئەم شتە داناوە، کە پێی دەگوترێت (کارتی زێڕین). کارتەکە بە زوویی دەخرێتە بازاڕ و نرخەکەی پێنج ملیۆن دۆلارە. رێگە بە سەرکەوتووترین خاوەن کارەکان لە تەواوی جیهان دەدرێت کارتەکە بکڕن، کە ئامرازێکە بۆ بوون بە هاووڵاتیی ئەمریکی. کارتەکە هاوشێوەی کارتی سەوزە، بگرە باشتر و پێشکەوتووترە."
 
هەروەها ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو کەسانەی دەبنە هەڵگری ئەم جۆرە کارتە، تەنیا دەبێت لە وڵاتی ئێمە باج بدەن، پێویست ناکات باجی ئەو وڵاتە بدەن کە لێیەوە هاتوون."
 
ئەو کەسانەی کارتی زێڕین دەکڕن، هەمان ئەو مافانەیان دەبێت کە هەڵگرانی کارتی سەوزی ئەمریکا هەیانە.
 
بە گوتەی ترەمپ، فرۆشتنی کارتە نوێیەکە وادەکات کەسانی خاوەن کار روو لە ئەمریکا بکەن، "ئەوەش یارمەتیی کەمکردنەوەی کورتهێنانی داهاتی نیشتمانی" دەدات، ئاسانکاری بۆ ئەمریکا دەکات قەرزە نیشتمانییەکانی بداتەوە، کە زیاترە لە 36 تریلیۆن دۆلار.
 
لە دوو هەفتەی داهاتوودا فرۆشتنی کارتەکە دەستپێدەکات، ترەمپ پێشبینی دەکات لانیکەم 10 ملیۆن کارتی لەم شێوەیە بفرۆشن، بەوەش 50 تریلیۆن دۆلار بۆ خەزێنەی گشتیی ئەمریکا زیاد دەبێت.
 
کارتەکە جێگەی پڕۆگرامی EB-5ی ئەمریکا دەگرێتەوە، کە لە ساڵی 1990ـەوە هەیە و رێگە بە وەبەرهێنەرە بیانییەکان دەدات بە بڕی یەک ملیۆن دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمریکا بکەن، بەوەش مافی مانەوەیان پێدەدرێت؛ بەڵام وەبەرهێنەران دەتوانن کارتی زێڕین بکڕن و لە ئەمریکاش وەبەرهێنان نەکەن.
 
هەروەها هەڵگرانی کارتەکە لە داهاتوودا دەبنە خاوەنی وڵاتینامەی ئەمریکا، دەتوانن بەبێ سەردانی دەرەوەی ئەمریکا بکەن و دەتوانن ئەندامانی خێزانەکانیان لەگەڵ خۆیان ببەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە