رووداو دیجیتاڵ
دوو بەرپرسی ئەمریکی رایانگەیاند، وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەیان خەریکی دانانی پلانێکە بۆ ئەوەی تەواوی سەربازەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بکشێنێتەوە.
رۆژی چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025، دوو بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و چەند بەرپرسێکی نزیکی خواستی خۆیان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دەربڕیوە.
ئەو دوو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بەبێ ئەوەی ناوی هیچ کەسێک بهێنن رایانگەیاندووە، بەرپرسانی باڵای پێنتاگۆن خەریکی ئامادەکردنی پلانێکن بۆ ئەوەی لەماوەی 30، 60 یان 90 رۆژ تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بکشێننەوە.
بەگوتەی بەرپرسە ئەمریکییەکان کە ناویان ئاشکرا نەکراوە، مایک واڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا، رۆژی هەینی رابردوو 31-1-2025 لە بارەگای فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە فلۆریدا بووە و لەگەڵ بەرپرسانی پێنتاگۆن دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان تاوتوێ کردووە.
هاوکات بەرپرسێکی کۆشکی سپی بۆ میدیای ئەمریکی قسەی کردووە و رەتیکردەوەتەوە، ئامانجی سەردانەکەی واڵتز بۆ بارەگای سێنتکۆم کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بێت لە سووریا.
ئەو بەرپرسەی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەشکردووە، "باشە بۆ واڵتز کە سەردانی سێنتکۆم بکات بۆ تێگەشتن لە دۆخی گشتیی ناوچەکە."
هەفتەی رابردوو، میدیای ئیسرائیل و تورکیا بڵاویانکردەوە کە ئەمریکا بە نیازە هێزەکانی لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان بکشێنێتەوە.
رۆژی 30-1-2025 ترەمپ لە کۆشکی سپی لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانیان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند: "نازانم سەرچاوەی ئەم هەواڵە کێیە". هەروەها گوتی بڕیارێک لەبارەی چارەنووسی هێزەکانیان لە سووریا دەدەن، کە بمێننەوە یان نا.
سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی رەتیکردەوە باسی کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا کردبێت، هاوکات ئاماژەی بەوەدا ئیدارەکەی سەیری پرسی مانەوەی هێزەکانیان لە سووریا دەکات و ''لەو بارەوە بڕیار دەدەن'' بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کەی و چۆن ئەو بڕیارە دەدەن.
لە سەرەتای ساڵی 2019، ئیدارەی ئەوکاتەی ئەمریکا شکستی داعشی راگەیاند و ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکای لە دوو هەزار سەربازەوە بۆ 900 کەمکردەوە.
مانگی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، وەکو بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش، ژمارەی سەربازەکانیان لە سووریا بۆ دوو هەزار سەرباز زیاد کردووە.
هێزەکانی ئەمریکا ئێستا لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، پارێزگای دێرەزووری رۆژهەڵاتی سووریا و پارێزگای حومسن لە باشووری سووریا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ