د.دلاوەر ئاژگەیی: یەکێتیی ئەورووپا چەندین پڕۆژەی ژینگەیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات

05-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت، بەشدارییان لە کۆبوونەوەی هاوبەشی یەکێتیی ئەورووپا و عێراق تایبەت بە وزە کرد. دەشڵێت، یەکێتیی ئەورووپا لە هەوڵی بەردەوام بوون بۆ چارەسەری کێشەی نەوت و مووچەی هەرێمی کوردستان.
 
رۆژی چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025، لە چوارچێوەی رێککەوتنی هاوبەش و هاوکاری نێوان یەکێتیی ئەورووپا و عێراق، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا هاوشان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراقی فیدراڵ بەشداری لە کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان عێراق و یەکێتیی ئەورووپا کرد، کە تایبەت بوو بە پرسی وزە.
 
د. دلاوەر خالید ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە ستراتیژییە بوو کە ساڵی 2012 لە نێوان یەکێتیی ئەورووپا و حکومەتی عێراق واژۆکرا. لە کۆبوونەوەکە تیشکمان خستەسەر هاوکاری هەردوولا پەیوەست بە وزە بە شێوەیەکی گشتی و پرسی نەوت و گازی بە تایبەتی."
 
د. دلاوەر گوتی: "ئێمە وەکو نوێنەرایەتیی هەرێم، باسمان لە زیانەکانی راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد، ئەندامانی یەکێتییەکەش پێیانگوتین، ئێمەش لە رێگەی باڵیۆزەکانمانەوە لە هەوڵی بەردەوامدا بووین بۆ چارەسەری کێشەی نەوت، مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان. دڵخۆشی خۆشیان بۆ دوایین بریاری پەرلەمانی عێراق دەربڕی، وەک هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و هیوایان خواست سەرجەم کێشەکانی نێوان هەردوولا چارەسەر بکرێن."
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوەدا، یەکێتیی ئەورووپا لە ئایندەیەکی نزیکدا چەندین پڕۆژەی گرنگ لە بوارەکانی ژینگە و ئاو و هەوا لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات، کە کاریگەری گەورەیان بۆ پاککردنەوەی ژینگە دەبێت لە گاز و دەردراوە ژەهراوییەکان."
 
بە گوتەی د. دلاوەر، یەکێک لە گرنگترین باسەکان ئەوە بووە کە یەکێتیی ئەورووپا بڕیاریداوە تاوەکو ساڵی 2045 هاوردەی نەوتی خاو بۆ سفر دابەزێنێت، بەڵام هاوردەی گازی سرووشتی بەردەوام دەبێت. "بۆیە گرنگە عێراق و هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی زیاتر لە بواری گازدا بکەن و سەرچاوەکانی داهات فراوانتر بکەن."
 
لەبارەی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەی بەوە کرد، "لە کۆبوونەوەکەدا باسمان لە گرنگیی پڕۆژەکە و داواکاری هەرێمی کوردستان کرد، بۆ بەشداربوونمان لە پڕۆژەکە و تێپەڕینی بە نێو پارێزگاکانماندا."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە