راپۆرتێک: کۆمپانیاکانی ترەمپ ملیۆنان دۆلاریان لە وڵاتانی دەرەوە وەرگرتووە

05-01-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

راپۆرتێک کە لەلایەن ئەندامە دیموکراتەکانی کۆنگرێسی ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات "ئەو کاتەی کە ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بووە، کۆمپانیاکانی لانیکەم 7.8 ملیۆن دۆلاریان لە 20 وڵاتەوە پێدراوە."
 
راپۆرتەکە دەڵێت کە سعودیە، هیندستان، تورکیا و کۆنگۆ لەنێو ئەو وڵاتانەن کە کۆمپانیاکانی ترەمپ پارەیان لێیان وەرگرتوون و ئاماژە بەوەش کردووە کە ئەو کارە دژی ئەو مادەی دەستوورییەی ئەمریکایە کە پاداشتی وڵاتانی دەرەوە بۆ بەرپرسان قەدەخە دەکات.
 
"کۆشکی سپی بۆ فرۆشتنە"
 
ناونیشانی راپۆرتەکە "کۆشکی سپی بۆ فرۆشتن"ـە و تێیدا هاتووە، "دۆناڵد ترەمپ، وەکو سەرۆکی ئەمریکا زیاتر لە 7.8 ملیۆن دۆلاری لە وڵاتانی بیانی و سەرکردەکانی وەرگرتووە کە بەشێکیان رژێمی بێزراون."
 
ئەندامی دیموکراتەکان لە راپۆرتەکەدا ئاماژەیان بەوە کردووە، "ئێمە تەنیا دەربارەی ئەو پارەیە دەزانین کە لە ماوەی دوو ساڵی سەرۆکایەتیی ترەمپدا لە 20 وڵاتی جیهانەوە بە کۆمپانیاکانی ترەمپ دراوە."
 
"پاداشتی قەدەخەکراو"
 
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە بەرپرسانی چین و چەند بانک و کۆمپانیایەکی وڵاتەکە، 5.5 ملیۆن دۆلاریان بە کۆمپانیاکانی ترەمپ داوە.
 
بە گوێرەی راپۆرتەکە، "سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەستووری وڵاتی پێشێلکردووە، کە بەبێ رەزامەندی کۆنگرێس، ئەو پاداشتانەی کە پێی دراوە قبووڵی کردوون."
 
لە راپۆرتی "کۆشکی سپی بۆ فرۆشتن"دا هاتووە، لە ساڵی 2017 شاندێکی باڵوێزخانەی چین لە ئەمریکا، 19 هەزار و 397 هەزار دۆلاریان بە هۆتێلێکی ترەمپ لە واشنتن بەناوی Trump International داوە.
 
بەرپرسانی سعودیە، وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لانیکەم 615 هەزار و 422 هەزار دۆلاریان وەکو پاداشت بە کۆمپانیاکانی ترەمپ داوە."
 
وانگ وێنبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، لە وەڵامی پرسیار رۆژنامەڤانان دەربارەی راپۆرتەکە، گوتی، "هیچ زانیارییەکم دەربارەی راپۆرتەکە نییە؛ داوا لە سیاسەتمەدارانی ئەمریکا دەکەم لەسەر هەموو شتێکدا هێرش نەکەنە سەر چین".
 
راپۆرتەکە داوا لە کۆنگرێس دەکات بیر لە پەسەندکردنی یاسایەکی نوێ بکاتەوە بۆ یارمەتیدانی دەسەڵاتی یاسادانان بکات بۆ بەدەستهێنانی زانیاری و چاودێریکردنی بەرپرسان.
 
ئەوە لەکاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 2ـی تشرینی یەکەمی 2023، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لەبەردەم دادگەی باشووری مەنهاتن لە ویلایەتی نیویۆرک ئامادەبوو.
 
دۆناڵد ترەمپ و دوو لە کوڕەکانی (جۆن ترەمپ و ئێریک ترەمپ) بەوە تۆمەتبارن کە لەنێوان ساڵی 2011 تاوەکو 2021، ساڵانە 1.9 تاوەکو 3.6 ملیار دۆلار بەشێوەیەکی نادروست بەهای موڵکەکان و پشکەکانیان زیادکردووە بۆ ئەوەی بتوانن قەرزی زیاتر و بیمەی زیاتر لە بانک وەربگرن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە