رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە لە 7ـی ئەم مانگە (یەکشەممەی داهاتوو) هەڵبژاردنی گشتی لە بەنگلادیش بەڕێوەبچێت و چاوەڕوان دەکرێت کە شێخ حەسینە، سەرۆکوەزیرانی ئێستای وڵاتەکە بۆ جاری چوارەم هەڵبژاردنەکە بباتەوە.
لە هەڵبژاردنەکەدا، هەزار و 896 بەربژێر پێشبڕکێ بۆ بەدەستهێنانی 300 کورسی پەرلەمانی دەکەن و 5.1٪ـی بەربژێرەکان ژنن.
بەنگلادیش کە ژمارەی دانیشتووانی 170 ملیۆن کەسە، نزیکەی 120 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
750 هەزار کەس لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان راسپێردراون بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنەکە بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت، 127 چاودێری نێودەوڵەتیش لە نزیکەوە چاودێری هەڵبژاردنەکە دەکەن.
هەڵبژاردنەکە لە کاتێکدایە، کە ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکە بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کردووە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە پۆلیسی بەنگلادیش بەهۆی رەخنەگرتنیان لە دەسەڵات، زیاتر لە 20 هەزار لایەنگری ئۆپۆزیسیۆنیان دەستگیر کردووە.
حەسینە زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی رۆهینگیای لە وڵاتەکەی جێگە کردووەتەوە و لە ساڵانی رابردوودا توانیبووی ئابووریی وڵاتەکەی بەرەو پێشەوە ببات، بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا، بەهۆی گرانبوونی نرخی کەلوپەل و خۆراک لەو وڵاتە، خۆپێشاندان لەو وڵاتە دژی حەسینە دەستیپێکرد.
گرووپەکانی مافی مرۆڤیش رەخنەی ئەوە لە حکومەتی ئێستای بەنگلادیش دەگرن، کە سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکە و پاڵپشتیکارانیان دەکاتە ئامانج و مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات.
حەسینە لە ساڵی 1996 تاوەکو ساڵی 2001 بۆ خولێک سەرۆکوەزیران بوو، لە ساڵی 2009ـەوە دووبارە بووەوە بە سەرۆکوەزیران و لە دوایین هەڵبژاردنیشدا کە لە ساڵی 2018 بەڕێوەچوو، توانی 72٪ـی دەنگەکانی هەڵبژاردنەکە بەدەست بهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ