رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ژاپۆن رایدەگەیێنن، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزە بەهێزەکەی سەرەتای ئەمساڵ گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 92 کەس و 242 کەسی دیکەش تاوەکو ئێستا بێشەروشوێنن.
بەپێی داتاکانی حکومەتی ژاپۆن بێت، زیاتر لە 300 کەسیش بریندار بوون کە برینی 20ـیان قورسە.
ئێستا هەزاران کەس لە هێزەکانی بەرگریی شارستانی بە هاوکاری سوپای ژاپۆن بەردەوامن لە گەڕان و رزگارکردنی خەڵک.
بەگوێرەی میدیای ژاپۆن، بوومەلەرزەکە بووەتە هۆی ئەوەی کارەبای زیاتر لە 30 هەزار ماڵ ببڕێت و نزیکەی 90 هەزار ماڵیش بێ ئاو ببن.
رۆژی دووشەممە، 01-01-2024 بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.5 پلە بە پێوەری رێختەر چەند ناوچەیەکی ژاپۆنی هەژاند و زیانی گیانی و ماددی بەدوای خۆیدا هێنا.
دوای بوومەلەرزە بەهێزەکەش، ژمارەیەک پاشلەرزەی زۆر روویانداوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەڕان بەدوای قوربانییانی ژێر ئەو باڵەخانانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە رووخاون، بەردەوامە.
ژاپۆن دەکەوێتە سەر هێڵی بوومەلەرزە و بە چەندین سیستمی تایبەت هەوڵیداوە خۆی لە بوومەلەرزە وێرانکەرەکان بپارێزێت. بۆ نموونە، بوومەلەرزەکەی ساڵی رابردووی باکووری کوردستان و تورکیا و رۆژئاوای کوردستان و سووریا کە گوڕەکەی 7.7 پلە بوو و کەمێک لەوەی ژاپۆن زیاتر بوو، بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 50 هەزار کەس.
رۆژ عەلی زاڵە، پەیامنێری رووداو سەردانی ژاپۆنی کرد و لەم بەڵگەفیلمەدا سیستمەکان روون دەکاتەوە
فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە کە هاوکاریی خەڵک بکەن و کابینەکەشی هۆشداریی داوەتە خەڵک کە "ئامادەبن" بۆ بوومەلەرزەی زیاتر لە هەفتەی داهاتوودا.
ژاپۆن دەکەوێتە سەر ئەڵقەیەکی گڕکاناوی و شوێنی بەیەکگەیشتنی پلێتەکانی زەوی، کە بە "ئەڵقەی ئاگر" ناودەبرێت، بۆیە زوو زوو دەکەوێتە بەر بوومەلەرزە.
پڕ قوربانیترین بوومەلەرزە، تاوەکو ئێستا لە ژاپۆن روویدابێت، ساڵی 2011 بوو، کە گوڕەکەی 9 پلە بوو و لە باکووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەیدا، بوومەلەرزەکە تسۆنامیی بەدوادا هات و بەهۆیەوە 17 هەزار و 759 کەس گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ