رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دادی دانیمارک رایدەگەیێنێت، لە 6ـی ئەم مانگەوە سوپای دانیمارک ئەرکی پاراستنی جووەکانی دانیمارک دەگرێتە ئەستۆ. دەزگای هەواڵگری پۆلیسی دانیمارک هۆکارەکەی بۆ شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان حەماس و ئیسرائیل گەڕاندووەتەوە.
رۆژی یەکشەممە، 4ـی کانوونی یەکەمی 2023، پیتەرهەمیلگراد، وەزیری دادی دانیمارک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆپنهاگنی پایتەختی وڵاتەکەی گوتی، "سوپا رادەسپێرین کە یارمەتی پۆلیس بدات لە پاراستنی چەند شوێنێکی کۆپنهاگن، شوێنەکانیش بریتی دەبن لە باڵیۆزخانەی ئیسرائیل و پەرستگەی جووەکان."
وەزارەتی بەرگریی دانیمارکیش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "هەڕەشەی تیرۆر دژی دانیمارک جدییە و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووەتە هۆی زیادبوونی تاوانی دژی جوو و بڵاوبوونەوەی نادڵنیایی لەنێو جووەکان لە دانیمارک."
وەزارەتی بەرگریی دانیمارک دەشڵێت، بڕیارەکە لە 6ـی ئەم مانگەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و حکومەتیش بەردەوام چاودێری دۆخەکە دەکات.
سووتاندنی چەند کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لە کۆتایی مانگی شەشەوە لە سوێد و دانیمارک، کاردانەوەی بەشێک لە موسڵمانانی لێکەوتووەتەوە.
لە مانگی ئابی ئەم ساڵ، حکومەتی دانیمارک رایگەیاند، کۆنترۆڵی سنوورەکانی وڵاتەکەی تووندتر دەکات و هۆکارەکەیشی بۆ "زیادبوونی هەڕەشەکان دەگەڕێنێتەوە."
لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەر و دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، هێرشی سەر جووەکان لە وڵاتانی ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و بەشێک لە وڵاتانی یەکێتییەکەش رێکاری پێویستییان بۆ پاراستنی جووەکان گرتووەتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ