رووداو دیجیتاڵ
لە دوای تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئێزدییەکان، هێشتا ئێزدییەکان بەدوای دادپەروەری و دابینکردنی پێویستییە سەرەتاییەکانیاندا وێڵن.
بەپێیی ئامارەکانی رێکخراوە نێودەڵەتییەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا نزیکەی 157 هەزار ئاوارە لەنێو 23 کامپی باشووری کوردستان دەژین کە بەشی زۆریان ئێزدیین و بەهۆی گوشارەکانی حکومەتی عێراقیش، خەریکە بەزۆر کامپەکانیان پێ چۆڵ دەکەن، ئەمەش نیگەرانی زیاتری لای ئێزدییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانش دروستکردووە.
نیبراس باسیتکری، لێکۆڵینڤان لە ئەنجوومەنی ئەتلانتیک دەڵێت، "پێویستە ئێزدییەکان بەخواستی خۆیان بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان، بەڵام حکومەتی عێراق راگەیاندووە کە لەم مانگەدا کامپەکان دادەخات، ئێمە دەمانەوێت خەڵکی ئێزدی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، بەڵام پێویستە بە خۆبەخشانە بێت، تاوەکو ئێستاش شنگال سەلامەت نییە، شنگال پێویستییە سەرەکییەکانی تێدانییە، وەک ئاو و کارەبا تاوەکو وابکەن خەڵکی ئێمە بگەڕێنەوە، خەڵکەکە نەخۆشی زۆریان لەو ناوچانە بینیوە، بۆ ئەوەی شنگالیش گونجاو بێت بۆ گەڕانەوە پێویستە وەبەرهێنانی تێدابکرێت، ئەمڕۆش داواکاری ئێمە لە حکومەتەکانی ئەمریکا و کوردستان و عێراقیش ئەوەیە ئەم داواکاریانە جێبەجێبکەن، پێویستە یەک لە سەدەی بودجەی عێراق بۆ شنگال تەرخانبکرێت تاوەکو ئاوەدانبکرێتەوەو خەڵکی ئێمەش بگەڕێنەوە".
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، حکومەتی ئەمریکا نزیکەی 500 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوکاریکردنی مرۆیی ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکەی دەشتی نەینەوای خەرجکردووە تاوەکو بتوانن ئەو ناوچانە ئاوەدانبکرێنەوە و خەڵکەکە بگەڕێنەوە سەر ماڵەکانیان، بەڵام هێشتا بەهۆی ناکۆکی سیاسی و هەبوونی ژمارەیەک گرووپی چەکدار لە شنگال نەتواندراوە دۆخی شارەکە ئاساییبکرێتەوە و خەڵکەکە بتوانن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ناوچەکانیان. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا دەکات، شنگال لەو گرووپە چەکدارانە چۆڵبکرێت و ئاسایشی شارەکە رادەستی پۆلیسی فێدراڵی و هەروەها هێزێکی پۆلیسی خۆجێیی سەر بە حکومەتی فیدراڵ بکرێت.
بێس ڤان شاک، باڵیۆزی وەزارەرتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ دادپەروەری تاوانی نێودەوڵەتی دەڵێت، ''ئێمە بە سەدان ملیۆن دۆلارمان دابینکردووە لەڕووی هاوکاریی مرۆییەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئێزدییەکان و خەڵکی دیکەی ئاوارە، تاوەکو هەست بە ئاسوودەیی بکەن لەو شوێنی تێدا ئاوارەن، هاوکات بناخەی گەڕانەوەیان بە شێوەیەکی سەلامەت و شکۆمەندانەش دابنێین، راستییە تاڵەکەش ئەوەیە، ئەوان هێشتا ناتوانن بگەڕێنەوە شنگال، دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دیکە، چونکە زۆر ناسەلامەتە، ناوچەکە نۆژەننەکراوەتەوە و دەرفەتی ئابووریشی تێدانییە، قوتابخانەی تێدانییە بۆ منداڵەکان، بۆیەش پێویستە لە وەبەرهێنان لەو ناوچانەدا بەردەوامبین تاوەکو بتوانین ژینگەیەک دروستبکەین کە ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق لەم دۆخە رزگاریان ببێت و بگەشێنەوە".
کێشەیەکی دیکە کە نزیکەی 10 ساڵە ئێزدییەکان چاویان لەوەیە پشتیوانی بکرێن، ئەویش دادگاییکردنی تاوانبارانی جینۆسایدی ئێزدییەکانە، بەڵام دوای چەندین ساڵ لە هەوڵەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دروستکردنی رێکخراوێکی تایبەت بە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانە بەناوی یونیتاد لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمساڵ لەسەر داوای حکومەتی عێراق کارەکانی ئەو رێکخراوەش بەبێ هەبوونی هیچ ئەنجامێک کۆتاییان پێدێت، ئەمەش نیگەرانی زیاتر بۆ ئێزدییەکان دروستکردووە و ترسیان لەوەیە دادپەروەری بۆ ئێزدییەکان بەدینەهێندرێت.
ناتیا نەوروزۆڤ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی یەزدا باس لەوە دەکات، ''لە عێراق، هێشتا بەتەنیا دادگایی تیرۆرمان هەیە، هیچ ئەندامێکی داعش لەسەر تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگی دژ بە مرۆڤایەتی دادگایی نەکراون، لە راستیشدا دۆخەکە خراپتر دەبێت، چونکە تاکە میکانیزم کە داندرابوو، یونیتاد بوو، بەڵام ئێستا کارەکانی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان داخراوە، ئەمەش بەبێ هەبوونی هیچ پلانێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆکیومێنتانەی
کۆکراونەتەوە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری. داخرانی یونیتاد کاریگەری لەسەر پڕۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش دەکات".
دوای تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان و رفاندنی بە هەزاران کچ و ژن و منداڵی ئێزدییەکان، تاوەکو ئێستا چارەنووسی 2600 کەسیان دیارنییە و هێشتا ناسنامەی تەواوی ئەو 30 گۆڕە بەکۆمەڵەی لە شنگال هەن یەکلانەکراوەتەوە.
لەم دوو هەفتەیەی رابردوودا، نوێنەری ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ئێزدییەکان لە واشنتن بوون و چاویان بە بەرپرسانی وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری و کۆشکی سپیش کەوت، داواکارییەکانیشیان ئەوەبووە، دادپەروەری بۆ ئێزدییەکان بەدیبهێندرێت و ئەندامانی داعش دادگاییبکرێن، پێویستییەسەرەتاییەکان بۆ خەڵکەکەیان دابینبکرێت و هاوکاربن لە نۆژەنکردنەوە و ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکەیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ