خوشکەکەی کیم جۆنگ ئوون: ئەنجوومەنی ئاسایش بووەتە داردەستی ئەمریکا

04-06-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

خوشکەکەی کیم جۆنگ ئوون سەرکۆنەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی هەڵدانی مانگە دەستکردەکەی کۆریای باکوور بۆ بۆشایی ئاسمان دەکات و دەڵێت ئەنجوومەنەکە داردەستی ئەمریکایە.
 
رۆژی یەکشەممە 4-6-2023، میدیای فەرمی کۆریای باکوور رایگەیاند، کیم یۆ جۆنگ، خوشکی کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکوور سەرکۆنەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانی لەبارەی هەڵدانی مانگە دەستکردەکەی پیۆنگیانگ کردووە.
 
مانگە دەستکردەکەی کۆریای باکوور کە لە هەڵدانیدا سەرکەوتوو نەبوو، ناوی چۆڵیما 1ـە؛ رۆژی چوارشەممە لە رێگەی مووشەکێکی بالیستییەوە هەڵدرا، بەڵام تێکشکا و لە دەریادا کەوتە خوارەوە.
 
ئەمریکا، کۆریای باشوور و ژاپۆن سەرکۆنەی هەڵدانی مانگە دەستکردەکەیان کرد و باسیان لەوەکرد، ئەو هەنگاوە پێشێلکاریی بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکانی کردووە لە قەدەخەکردنی پیۆنگیانگ بۆ هەر تاقیکردنەوەیەک کە مووشەکی بالیستی تێدا بەکاربێت.
 
رۆزماری دیکارلۆ، جێگری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ سیاسەت و هێنانەدیی ئاشتی، نیگەرانی خۆی لە کەمی یەکگرتوویی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی ئاسایش لە دژی تاقیکردنەوەکانی کۆریای باکوور نیشاندا.
 
کیم یۆ جۆنگ باس لەوە دەکات، کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش بیرهێنەرەوەیەکی دیکەیە، کە ئەو ئەنجوومەنە تەنیا "داردەستی سیاسییە بۆ واشنتنی مافیائاسا".
 
کیم یۆ جۆنگ دەڵێت "زۆر دڵتەنگم بەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر داوای ئەمریکا زوو زوو کۆماری خەڵکی دیموکراتی کۆریا بە بەرپرسیار دادەنێت لەبەرامبەر پەیڕەوکردنی مافەکانی خۆی وەک وڵاتێکی سەربەخۆ".
 
خوشکەکەی سەرۆکی کۆریای باکوور بەتووندی سەرکۆنەی ئەو کارە دەکات و رەتیدەکاتەوە؛ هەروەها بە "ناڕەواترین و لایەنگیرانەترین دەستتێوەردانی نێوخۆیی و پێشێلکاری سەروەری" کۆریای باکوور ناوی برد.
 
کیم یۆ جۆنگ گوتیشی، گرنگە کۆریای باکوور بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ ناردنی مانگی دەستکردی سیخوڕ بۆ بۆشایی ئاسمان. لە درێژەی راگەیێنراوەکەی خوشکەکەی کیم جۆنگ ئوون، رێبەری کۆریای باکووردا هاتووە، "کۆماری خەڵکی دیموکراتی کۆریا بەردەوام دەبێت لە هەنگاوەکانی بۆ پەیڕەوکردنی تەواوی مافەکانی وڵاتێکی سەربەخۆ بە هەڵدانی مانگی دەستکردیشەوە".
 
ترسی رۆژئاوا و هاوپەیمانانی لەوەدایە، کۆریای باکوور لە تەکنەلۆجیای رۆکێتی هەناردەکاری مانگی دەستکرد بۆ بۆشایی ئاسمان و تەکنەلۆژیای مووشەکی کیشوەربڕ، زیاتر پێشبکەوێت.
 
باسیش لەوە دەکەن، ئەگەر کۆریای باکوور بتوانێت مانگی دەستکرد لە بۆشایی ئاسمان دابنێت، ئەو کاتە دەتوانێت باشتر هێزەکانی کۆریای باشوور و ئەمریکا لە ناوچەی زەریای هیندیی هێمندا بکاتە ئامانج.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە