رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە هەینی رابردوو، وەک بۆمبێکی هایدرۆجینی بوو، رەنگدانەوە و کاریگەرییەکەی بە تەنیا لە واشنتن نەوەستا، بەڵکو هەر زوو هەموو جیهانی شۆک کرد.
لە مێژووی دیپلۆماسییەتی ئەمریکادا، ئەمە یەکەمینجارە رووبدات، بەڵام بۆچەندین ساڵی داهاتوو، کاریگەری لەدوای خۆیدا بەجێدەهڵێت، لە کورت مەوداشدا، رەنگدانەوەی گەورەی بەسەر پەیوەندییەکانی واشنتن و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دا دەبێت.
ڤێنسێنت کۆمپاس، دیپلۆماتکاری پێشووی ئەمریکا دەڵێت: ''سەبارەت بە دیپلۆماسییەتی ئەمریکا و پەیوەندییەکانی، مشتومڕە گەرمەکە کاریگەری زۆر گەورەی لەسەر پەیوەندییەکانی ترانس ئەتلانتیک و پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەندامانی ناتۆ دەبێت، بەتایبەتیش لەسەر داهاتووی ئۆکراینا دەبێت، گفتوگۆیەکی زۆر ناپێویست بوو، زۆر درێژەی کێشا، ئەوەی کە من بینیم، زلنسکی بەرەو تەڵەیەک رۆیشت، ترەمپ و ڤانس چەندین بێزاری دیکەیان خستەروو کە بەرامبەر ئۆکراینا هەیان بوو.''
ئەم کۆبوونەوەیە وایکرد، وڵاتان پێش ئەوەی روو لە کۆشکی سپی بکەن و لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا دابنیشن، دووجار بیربکەنەوە و چەند کۆبوونەوەیەکی کاژێریش لەگەڵ راوێژکار و تیمی پڕۆتۆکۆڵی وڵاتەکانیان بکەن، چی بکەن و چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و هەڵۆکانی کۆشکی سپی بکەن.
دیموکراتەکان کە ئێستا پارتی ئۆپۆزیسیۆنی ئەمریکان و چاویان لەوەیە دوای دوو ساڵی دیکە زۆرینەی کۆنگرێس و دوای چوار ساڵی دیکەش بگەڕێنەوە کۆشکی سپی بە تووندی رەخنە لەم جۆرە دیپلۆماسییەتەی ئێستای وڵاتەکەیان دەگرن، بەڵام ئەندامانی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس پشتوانی لەم سیاسەتەی دۆناڵد ترەمپ دەکەن.
کۆنگرێسمان رۆجەر وڵیام لە پشکی کۆمارییەکان دەڵێت: ''ئەم رۆژە ئەوەی نیشاندا کە ئەمریکا بەرپرسە ، پێویستیشە بەرپرس بێت لە رووی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سەربازی و هەر پرسێکی دیکە کە تۆ بەخەیاڵت دادێت، نیشانی جیهانیشی دا، ئێمە جیهانێکی سەلامەتمان دەوێت، دەمانەوێت شەڕ بوەستێت، زیلینسکی هەڵەیەکی کرد کە چۆن مامەڵە لەگەڵ سەرۆک بکات، بەڵام پێموایە لە کۆتاییدا، رێککەوتنەکە، ئەو رێککەوتنە دەبێت کە دەکرێت، ئێمەش بەردەوام دەبین، ئەو شەڕە کۆتایی پێدێت و ئابووری بەردەوام دەبێت.''
هەرچەندە وڵاتانی ئەورووپا و هاوپەیمانە نزیکەکانی ئەمریکا بە دەربڕینی پشتیوانی دەستبەجێ بۆ زیلینسکی نیگەرانیی خۆیان بۆ ئەو رووداوەی کۆشکی سپی دەربڕی، بەڵام ئەمە نەبووەتە هۆکاری ئەوەی دۆناڵد ترەمپ پێداچوونەوە بە دیپلۆماسییەت و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دا بکات و ئێستاش سوورە لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا بەو شێوازەی کە خۆی دەیەوێت.
بڕیارە رۆژی سێشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەدوای تێپەڕینی نزیکەی مانگێک و نیو لە تەمەنی ئیدارەکەی بێتە کۆنگرێسی ئەمریکا و کاژێر نۆی شەو گوتارێک بۆ کۆنگرێس پێشکێش بکات، کە چاوەڕوان دەکرێت بەشێکی گوتارەکەی تایبەت بێت بە دیپلۆماسییەت و سیاسەتی نوێی دەرەوەی ئەمریکا و پرسی ئۆکرایناش بەتایبەتی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ