رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتاران و راوێژکارانی سیاسیی چین هەموو مانگی ئادارێک بۆ دوو کۆمەڵە کۆبوونەوەی هاوتەریب لە پەکین کۆدەبنەوە کە پێیان دەگوترێت 'لیانگوی' یان دوو دانیشتن.
ئەو دوو کۆبوونەوانە کۆنگرەی نیشتیمانی گەل، و کۆنفرانسی راوێژکاری سیاسی گەلی چین-ن.
ساڵانە لە یەکەم رۆژی کۆبوونەوەکاندا پلانی ساڵی ئاییندە رادەگەیێنرێت بۆ ئەم ساڵ لەلایەن سەرۆکوەزیران لی چیانگ دەبێت و راپۆرتی ساڵی رابردووش دەخرێتە روو.
خوێندنەوە بۆ پڕۆژە یاساکانی بودجەی سەربازی، حکومەتی ناوەندی و حکومەتی خۆجێی و گەشەسەندنی ئابووری و کۆی گشتیی بەرهەمی نێوخۆش دەکرێت.
کۆبوونەوەکان حەوت رۆژ لە هۆڵی گەورەی گەل بەڕێوەدەچن کە دەکەوێتە باشووری 'کۆشکی قەدەخەکراو'.
بۆ ئەم ساڵ 2960 نوێنەر لە هەر 31 هەرێم و ئیدارە سەربەخۆکانی چین بەشدارن، کە رێژەی ژن 26٪ تێپەڕاندووە و رێژەی کەمیەنکانی چینیش لە کۆبوونەوەکاندا 15٪ـە.
زۆربەر بەشداربووان یان بە جلی فەرمی و رەنگی رەش یان جلی کولتووریی نەتەوەی خۆیان لە کۆبوونەوەکاندا ئامادەدەبن.
زیاتر لە 240 نوێنەر لە هێزی سەربازیی چین بەشدارن و ئەوان بە جلی فەرمیی سەربازی نوێنەرایەتی خەڵک دەکەن.
هەرچەندە مەرج نییە بەشداربووان ئەندام بن لە حزبی کۆمیونیستی چینی، بەڵام زیاتر لە 70٪ـی ئەندامان لەم حیزبەن.