لافاو چەند وڵاتێکی ئەوروپی گرتووەتەوە؛ خەڵک بە بەلەمی بچووک و تراکتۆر هاتووچۆ دەکەن

05-01-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
دروستبوونی لافاو لە فەرەنسا
دروستبوونی لافاو لە فەرەنسا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

چەند رۆژێکە لافاو لە ناوچەی کەمپێغلی لە باکووری رۆژهەڵاتی فەرەنسا بەردەوامە و ئاستی ئاو بەشێوەیەک بەرزبووەتەوە کە بەشێکی ناوچەکەی داپۆشیوە. 
 
بەشێک لە خەڵکی بە بەلەمی بچووک و بەشێکی دیکەشیان بە تراکتۆر هاتووچۆ دەکەن. 
 
ئەنتۆین سوڤاژ، هاووڵاتییەکی فەرەنسییە و دەڵێت: "ئەوە یەکەمجار نییە لافاو روودەدات. من لە شوێنێکی بەرز دەژیم و مەترسییەکەم لەسەر کەمە، بەڵام ئەوە راستە کە ماوەیەکی زۆرە لافاو بەو ئاستە بەرزە رووینەداوە." 
 
لە دوو مانگی رابردوو ئەوە دووەم جارە کە لافاو ئەو ناوچەیەی فەرەنسا دەگرێتەوە. 
 
حکومەتی چیکیش بەشێک لە هێزەکانی بەرگریی شارستانی رەوانەی فەرەنسا کرد بۆ ئەوەی بەشداری لە رزگارکردنی خەڵکدا بکەن. 
 
بەگوێرەی ئامارەکان، لافاوەکە بووەتە هۆی ئەوەی 250 خانوو زیانیان بەربکەوێت، هەزاران کەس ماڵەکانیان چۆڵکردووە و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە.  
 
جگە لە فەرەنسا، لافاو هەرێمی ساکسۆنیای خواروو لە باکووری ئەڵمانیای گرتووەتەوە. 
 
بەرپرسانی ئەڵمانیاش هۆشداریی دەدەنە خەڵک کە لە چەند رۆژی داهاتووشدا لافاو لە باکووری وڵاتەکە بەردەوام دەبێت. 
 
دێنیز کۆیلەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەرێمی ساکسۆنیای خواروو دەڵێت: "هێشتا زووە کە پێشبینی کەشوهەوای رۆژانی داهاتوو بکەین، بەڵام هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستی هاووڵاتییان گیراوەتەبەر." 
 
تاوەکو ئێستا زەرەر و زیانەکانی لافاوەکە بە وردی رانەگەیێندراوە و دەزگاکانی کەشوهەوای ئەوروپاش پێشبینی دەکەن، لافاوەکە بۆ چەند رۆژێکی دیکەش بەردەوام بێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە