بەشێک لە کۆمارییەکان لەبەرامبەر ترەمپ دەوەستنەوە

03-03-2016
ئاسۆ محەممەد
نیشانەکردن دۆناڵد ترەمپ
A+ A-
رووداو- واشنتن

دوای دەستپێکردنی هەڵبژاردنی بەرایی لە ئەمریکا بۆ یەکەمجار ژمارەیەک لە سەرکردە دیارەکانی کۆمارییەکان رەخنەی تووند لە دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان دەگرن .

60 سەرکردەی کۆمارییەکان کە لە کۆمیتەی ئاسایشی نەتەوەیی کاردەکەن، پێشتر لە ئیدارەکانی کۆشکی سپی بەرپرسیارێتی باڵایان هەبووە، لە نامەیەکدا رەخنەی تووندیان لە دۆناڵد ترامپ گرت و رایانگەیاند، کە پێشنیازەکانی ترەمپ لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا ئاسایشی ئەمریکا دەخاتە مەترسییەوە.

ئەم رەخنانە سەرەتای ئاماژەیەکی نوێیە بۆ دابەشبوون یاخود لێکترازانی کۆمارییەکان، ئەو 60  کەسە لە کۆمارییە میانڕەوەکانن یاخود لە موحافیزکارە تازەکانی ئەمریکان، گرنگترینیان رۆبێرت زولیلیک، سەرۆکی پێشووی بانکی نێودەوڵەتی بوو، هەروەها مایکل چۆریتۆڤ، وەزیر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا و دۆم زاکیم، راوێژکاری پێشووی پێنتاگۆن. 
 
بڵاوکردنەوەی ئەو نامەیە لەکاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ لەنێو کاندیدی کۆمارییەکاندا پلەی یەکەمی گرتووە و دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکان لە 16 ویلایەتدا نزیکەی 50%-ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و لەنێو ئەندامانی کۆنگرەی نیشتمانیشدا285 نوێنەری مسۆگەر کردوە، لەکاتێکدا نزیکترین رکابەری ئەو واتە تێد کروز، تەنیا 168 نوێنەری مسۆگەر کردووە. 

لە نامەکەدا هاتووە "لێدوانەکانی ترەمپ هیچ بنەمایەکیان نییە، لەیەک رستەدا ئاماژە بە گۆشەگیری ئەمریکا دەکات و لە هەمان رستەدا باس لە سەرکێشی و دەستێوەردانی سەربازی دەکات".

لەبارەی ئابووری جیهانەوە، سەرکردەکانی کۆمارییەکان دەنووسن"تێڕوانینی ترەمپ بۆ دەستپێکردنی جەنگی ئابووری کارەساتێکی گەورە لە ئابووری جیهان دروست دەکات" .

ئەو سەرکردانە لێدوانەکانی ترەمپ بەرامبەر بە مسوڵمانەکان بە بچوککردنەوەی هەوڵەکانی جیهانی ئیسلامی لە شەڕی دژ بە داعش دادەنێن و پێیانوایە کە: "کاریگەری زۆر نێگەتیڤی لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا  لە جیهانی ئیسلامی دەبێت".

ماکس بۆت، راوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەرکردایەتی کۆمارییەکان ئاماژە بەوە دەکات "کەسێکی وەکو  کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور سەرۆک بێت باشترە لە دۆناڵد  ترەمپ".

لەکۆتایی نامەکەیاندا ئەو سەرکردانە دەشنووسن "ئێمە خۆمان پابەند دەکەین بە رێگریکردن لەوەی کەسێکی وەکو ترەمپ ببێت بە کاندیدی کۆمارییەکان یاخود سەرۆکی ئەمریکا".

جگە لەم 60 سەرکردەیە،11 سیناتۆری کۆمارییەکان رایانگەیاندووە، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی بەرایی سەربکەوێت، لە هەڵبژاردنی مانگی نۆڤەمبەردا دەنگی پێنادەن یان دەنگ بە هیلاری کلینتۆن دەدەن یاخود بە کاندیدێکی دیکە.

پۆڵ ریان، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا کە سەرکردەیەکی کۆمارییە رایگەیاند، هەر کەسێک دەبێت بە کاندیدی کۆمارییەکان دەبێت نە هیچ یارییەک بکات، نە فرت و فیڵ لەگەڵ خەڵک، ریان ئاماژەی بەوەکرد کە پارتی کۆمارییەکان لەسەر بنەمای دەرمارگیری دانەمەزراوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، کە پارتی کۆماری پارتەکەی ئەبراهام لینکۆڵنە و لەسەر بنەمای یەکسانی مرۆڤەکان بێ جیاوازی ئایین و رەگەز و رەنگی پێست دامەزراوە.

هاوکات سیناتۆر میچ مکونیل رایگەیاند، ئێمە ئیدانەی ئەمجۆرە تێڕوانینە دەکەین، هەرگیز گوازرشت نییە لە بۆچوونی کۆمارییەکان.

وێڕای ئەم رەخنە و ناڕەزایەتیانە، سەرکردەیەکی کۆماری پرسیارێک دەوروژێنێت و دەڵێت :"بۆچی ترەمپ لە پێشەوەی کۆمارییەکانە". ئاماندا تۆییب، ئاماژە بەوە دەکات"ترەمپ سەرهەڵدانی ستەمکارییە لە ئەمریکا".

ئاماندا ئاماژە بەوە دەکات "ستەمکاری یاخود دیکتاتۆری پەیوەندی بە سەرکردەیەکەوە نییە، بەڵکو سایکۆلۆجیای دەنگدەرە کە لەهەرچی بیانی و دەرەوە هەیە دەترسێت  ئەو کەسانەی بەپاساوی ترس بەدوای سەرکردەیەکی بەهێزدا دەگەڕین هەستدەکەن هەڕەشەیان لەسەرە و دەیانەوێت کەسێک  بیانپارێزێت، ئەمەش رەنگدانەوەی درووشمی ترەمپە کە دەڵێت "جارێکی دیکە ئەمریکا مەزن بکەن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە