رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئەمریکا رایدەگەیێنێت، دوو مووشەک لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە ئاراستەی کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور کراون، بەڵام هیچ زیانێکی نەبووە.
رۆژی چوارشەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا – سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "رۆژی 2ـی کانوونی یەکەم، نزیک بە کاژێر 9:30 خولەک [بەکاتی یەمەن] دوو مووشەک لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی دەریای سوور کران".
سێنتکۆم ئاماژە بەوە دەکات، چەند کەشتییەکی بازرگانی لەو ناوچەیە بوون کە مووشەکەکانی ئاراستە کراون، بەڵام هیچ یەک لە کەشتییەکان زیانیان بەرنەکەوتووە.
سێنتکۆم دەشڵێت، "ئەو کارە نایاساییانە ژیانی چەندین دەریاوانی بێتاوانی خستووەتە مەترسییەوە و بەردەوام دەبێت لە تێکدانی رێڕەوە بازرگانییەکان".
ئەو هێرشەی حووسییەکان بۆ سەر دەریای سوور، بەگوتەی سوپای ئەمریکا، 24ـەمین هێرشە کە لە 19ـی تشرینی دووەمەوە بکرێتە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە باشووری دەریای سوور.
رۆژی 19ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، ئەمریکا هاوپەیمانییەتێکی بۆ پاراستنی ئاسایشی دەریای سوور دژی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان راگەیاند.
حووسییەکان کە بە هێزێکی نزیک لە ئێران دادەندرێن لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو شەوە هێرشیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سووری دەستپێکردووە و دەڵێن، "هێرشەکانمان هاوسۆزییە بۆ فەلەستین."
یەکەم هێرشی دەریایی حووسییەکان دوای شەڕی غەززە، رۆژی 19-11-2023 بوو، کاتێک بە هێلیکۆپتەر هێرشیانکردە سەر کەشتییەک بە ناوی "گالاکسی لیدەر" و بە 25 کارمەندەوە رفاندیان.
دوایین هێرشیشیان لە رۆژی دووشەممە، 18ـی کانوونی یەکەمی 2023 بوو کاتێک حووسییەکانی یەمەن لە راگەیێندراوێکدا گوتیان، "هێزە چەکدارەکانی یەمەن ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان بۆ سەر دوو کەشتی سەر بە قەوارەی زایۆنی ئەنجام دا".
رۆژی 15-12-2023، دوو گەورە کۆمپانیای بازرگانیی کەشتی لە جیهان بە ناوەکانی مایەرسک (Maersk) و هاپاگ لۆید (Hapag-Lloyd) بڵاویانکردەوە، "بەهۆی هێرشی حووسییەکانی یەمەنەوە گەشتی کەشتییەکانیان لە دەریای سوورەوە وەستاندووە."
حووسییەکان، کە لە ساڵی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعای پایتەختی یەمەندا گرتووە، خۆیان بە بەشێک لە "بەرەی بەرگری" دەزانن.
بەپێی ژووری کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، 12%ی بازرگانیی جیهان لە رێگەی دەریای سوورەوە دەکرێت و ساڵانەش لانیکەم 17 هەزار کەشتیی بازرگانی بە دەریای سووردا تێدەپەڕن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ