نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی بە ئەرکە سیاسییەکەی لە سوودان هێنا

02-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی سوودان کۆتایی بە ئەرکی سیاسی لە وڵاتەکە هێنا و لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنەکەش 14یان دەنگیان بە پڕۆژەکە دا. 
 
رۆژی هەینی 1ـی کانوونی یەکەمی 2023، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوەشاندنەوەی ئەرکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی قۆناخی راگوزەر لە سوودان (UNITAS)ـی خستە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنەکە ئەرکی نوێنەرایەتییەکەی لە سوودن کۆتایی پێهێنا.
 
ئەرکی نوێنەرایەتییەکە رۆژی یەکشەممە 3-12-2023 کۆتاییدێت و دوای سێ مانگی دیکەش هەموو کارمەندەکانی لە سوودان دەکشێنێتەوە و بەشێک لە ئەرکەکانیشی دەگوازێتەوە بۆ ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. 
 
جەیمس کاریوکی، جێگری نوێنەری هەمیشەیی بەریتانیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، "بەریتانیا لەگەڵ ئەوەدا نەبوو لەم کاتەدا نوێنەرایەتییەکە هەڵبووەشێتەوە. ئێمە دەستخۆشی لە نوێنەرایەتییەکە دەکەین بۆ ئەو کارانەی ئەنجامی داون، بەڵام لەسەر داوای سوودان گەیشتینە ئەوەی کە ئەرکی نوێنەرایەتییەکە هەڵبووەشێتەوە".
 
رۆبێرت ود، جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی سەبارەت بە دۆخی سوودان نیشاندا و گوتی، "زۆر نیگەرانی ئەوەین کە کەمبوونەوەی نێردە نێودەوڵەتییەکان لە سوودان خزمەت بەو کەسانە بکات تاوانکاری ئەنجام دەدەن".
 
نوێنەرایەتییەکە ساڵی 2020 لەسەر داوای بەریتانیا بە دەنگی کۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش دامەزرا، ئامانجیشی ئەوە بوو کە یارمەتی سوودان بدات بۆ ئەوەی دەسەڵاتێکی دیموکراسی وڵاتەکە بەڕێوەببات، ئەوەش دوای ئەوەی کانوونی یەکەمی 2019، عومەر بەشیر بە تۆمەتی گەندەڵی سزادرا.
 
سوودان لە ئابی 2019ـەوە لە لایەن دەسەڵاتێکی راگوزەری تێکەڵ لە سەرکردەی سڤیل و سەربازییەوە بەڕێوەدەبرا، بەڵام لە 15ـی نیسانی ئەم ساڵەوە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای سوودان بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە سەرکردایەتیی محەممەد دەگەلۆ، ناسراو بە حمێدتی دەستیپێکرد، هەرچەندە چەند جارێک ئاگربەست راگەیێندراوە، بەڵام پێکدادانەکان بەردەوامن.
 
دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەش، عەبدولفەتاح بورهان سەرۆکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی لە سوودان بە هۆکاری ئاڵۆزییەکانی ئەو وڵاتە ناوبرد و داوای دورخستنەوەی کرد.
 
شەڕەکە کاریگەریی گەورەی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان هەبووە؛ نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، نزیکەی 10 هەزار کەس بەهۆی شەڕی نێوخۆی سوودان گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە شەش ملیۆن کەس لەو وڵاتە بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن، زیاتر لە 14 ملیۆن منداڵ پێویستیان بە هاوکاریی مرۆییە و 1.4 ملیۆن هاووڵاتیش روویان لە وڵاتانی دیکە کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە