رووداو دیجیتاڵ
چوار ساڵ بەسەر تێکشکاندنی داعش تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا نزیکەی 60 هەزار ژن، پیاو و منداڵی خەڵکی 60 وڵات لەسەرانسەری جیهاندا لە نێو زیندانییەکانی رۆژئاوای کوردستاندا ماونەتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە دۆخی ئەمنی ناوچەکە تەواو لەرۆزکە و هێشتاش بەشێک لە وڵاتان ئامادەنین هاووڵاتییانیان لە زیندانییەکانی رۆژئاوای کوردستان ببەنەوە و لەسەر ئەو تاوانانەی کردوویانن دادگاییبکرێن.
لێتا تایلەر، بەڕێوەبەری یاریدەدەر لە رێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، "بەهەزاران مندااڵ، دەیان هەزار منداڵ بەهۆی تاوانی گومانلێکراوی دایک و باوکیان بە کۆمەڵ سزادراون، دەشبینین تاوانکارانی جەنگ دەستگیرکراون، بەڵام رووبەڕووی سزا نەکراونەتەوە بۆ ئەو تاوانانەی کردوویانن، وەک جینۆسایدکردنی ئێزیدییەکان، ئەمەش پشتگوێخستنێکی شۆککەرە لەلایەن 60 وڵات کە خاوەنی ئەو زیندانیانەن، هەروەها لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بە گشتی."
نیگەرانییەکانی مانەوەی چەکدارانی داعش لە نێو زیندانییەکانی رۆژئاوای کوردستان ئێستا بەتەنیا پرسێکی ئەمنی نییە، بەڵکو پرسێکی مرۆیی و تەندروستیشیە. بەپێیی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری پڕۆگرامی سووریا لە پەیمانگەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە واشنتن، نزیکەی 50٪ی زیندانییەکان تووشی نەخۆشی سیل بوونە و چەندین نەخۆشی دیکەش لە نێو زیندانییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، بۆیەش ئێستا پرسەکە بووە بە پرسێکی تەندروستی و مرۆیی و دەبێت خێراتر ئەم پرسە چارەسەر بکرێت.
چارڵز لیسەر، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی سووریا لە پەیمانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەڵێت، "کاتێک باس لە حکومەتەکانی رۆژئاوا دەکەین، لە رووی سیاسییەوە پرسی گەڕاندنەوەی ئەو کەسانە زۆر هەستیارە، بەڵام حکومەتی ئەمریکا گوشارێکی زۆر دەکات تاوەکو بگەڕێندرێنەوە، لەماوەی کورتخایەندا پێویستە زۆر کاربکرێت، لە رووی باشترکردنی دۆخی مرۆییان لە نێو زیندانییەکاندا، لە نێو زیندانی سەرەکی گوەیران لە حەسەکە، نزیکەی سەدا پەنجا زیندانییەکان سیلیان هەیە، ئەمەش قەیرانێکی تەندروستیشە نەک بەتەنیا لە نێو زیندانییەکەدا، بەڵکو لە شاری حەسەکەش."
حکومەتی ئەمریکا بە جیدی کار لەسەر ئەوە دەکات ژمارەی دانیشتوانی ئەو زیندانانە کەمبکاتەوە، بۆ ئەمەش پێویستی بەوەیە وڵاتان هاووڵاتییانیان ببنەوە، یانیش دامەزراندنی دادگاییەکی نێودەوڵەتییە بۆ دادگاییکردن و سزادانی گیراوەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا بەشێک لە وڵاتان بەهۆی باکگراوەندنی تاوانی ئەو زیندانییانە ئامادەنین چەکدار و کەسوکارەکانیان وەربگرنەوە، ئەمەش پرسەکەی بە هەڵپەسێردراوی هێشتووەتەوە.
رێڤەبەریی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان چەند جارێک باسی لە مەترسی هەبوونی ئەو زیندانیانە لە رۆژئاوای کوردستان کردووەو داواشیکردووە دادگایەکی نێودەوڵەتی دابمەزرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی زیندانییەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا سەرباری هەموو هۆشدارییەکان، ئەم پرسە وەک خۆی ماوەتەوەو خەریکە بەهۆی هەندێک رووداوی وەک شەڕی ئۆکراینا و غەزەش بەتەواوەتی فەرامۆش دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ