رووداو دیجیتاڵ
لیمان بەشێکە لەو خاکەی کە رووسیا دوای گشتپرسییەکەی هەفتەی رابردوو لکاندی بە خاکی خۆیەوە، بەڵام ئۆکراینا رایگەیاند، کۆنترۆڵیان کردووەتەوە.
سوپای ئۆکراینا دەڵێت، لە هێرشێکی پێچەوانەدا کۆنترۆڵی شاری لیمانی کردووەتەوە و رووسیاش سەرەڕای ئەوەی کشایەوە، هێرشی ئاسمانیی کردە سەر ئەو شارە.
ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، "جگە لە زیانەکان و پێشڕەوییەکانمان، دووژمن هێزێکی زۆری بەو ئاراستەیە نارد. لەترسی گەمارۆدانی سەربازەکانمان، یەکەکانمان لەوێ کشاندەوە بۆ شوێنێکی باشتر."
رووسیا لە رێگەی گشتپرسییەکەوە 15%ی خاکی ئۆکراینای لکاند بە خاکی وڵاتەکەیەوە. شاری لیمان دەکەوێتە باکووری پارێزگای دۆنێتسک، کە ئێستا رووسیا بە خاکی خۆی ناویدەبات. ئۆکراینا لە هێرشێکی پێچەوانەدا ئەو شارەی کۆنترۆڵ کردەوە.
رووسیا دەڵێت، لە هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆسەر شاری لیمان، 200 سەربازیان کردووەتە ئامانج، پێنج تانک و نۆ زرێپۆشیان تێکشکاندووە.
لەگەڵ ئەوەی رووسیا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆسەر ئۆکراینا چڕ کردوونەتەوە، بە گوتەی خۆیان 300 هەزار سەربازی یەدەگیان بانگ کردووە، هاوپەیمانانی ئۆکرایناش سزاکانیان بۆسەر رووسیا زیاد کردووە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەمڕۆ سزای نوێ بەسەر رووسیادا دەسەپێنین، ئەو دەسەڵاتانەش دەگرێتەوە کە هاوکاریی سیاسی و ئابووری بۆ لکاندنی خاکی ساختە بە رووسیاوە دەنێرن."
شاری لیمان 160 کیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی خارکێڤەوە دوورە و لە چەند رۆژی رابردوودا 5000 سەربازی رووسی لەو شارەدا بوون، بەگوێرەی زانیارییەکانی ئۆکراینا، لە کاتی کشانەوەی سوپای رووسیادا چەندین تانک و زرێپۆشیان بەجێهێشتوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ